شەقامێکی بێ ستوونی رووناککەرەوە لە ناحیەی خدران - وێنە: 964
کێشەی بۆ دروستکردوون
ناحیەی خدران بێ ستوونی رووناککەرەوەیە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
لە ناحیەی خدران هیچ ستوونێکی رووناککەرەوەی لێ نییە، ئەوەش وای کردووە کوچە و کۆڵانەکانی ناحیەکە لە شەواندا بە تەواوی تاریک دەربکەون.
یوسف ئەحمەد، دانیشتویەکی ناحیەی خدرانە و بە 964ـی وت، “شەوانە ناحیەکەمان تاریکە و بۆ هاتوچۆ کێشەی بۆ پیادەکان دروست کردووە و دەبێت بە لایتەوە رێبکەن، دانانی ستوون بۆمان دەبێتە رووناککردنەوەی ناحیەکەمان و ئاسانترکردنی هاتوچۆی خەڵک لە شەواندا”.
خدران زیاتر لە 80 ساڵە ناحیەیە و سەرۆکی شارەوانییەکەی دەڵێت، وەک پێویست ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە.
ئومێد حەسەن، سەرۆکی شارەوانی خدران ئەمڕۆ سێشەممە 19.12.2023 بە 964ـی وت، “چەندین جار نووسرامان کردووە بۆ سەروی خۆمان تاوەکو ئەو پڕۆژەیە ئەنجام بدەین و هاوڵاتیان سودی لێ وەربگرن، بەڵام پڕۆژەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە”.
دەشڵێت، “بەدواداچوونمان کردووە و دەرخستەشمان بۆ ئامادە کردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە خەرجکردنەکەی وەستاوە”.
ناحیەی خدران سەربە قەزای دوکانە و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاترە لە سێ هەزار و 500 کەسە و 11%ـی قەزای دوکان پێکدەهێنێت.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد