کەمتر لە 600 هەزار دەنگ دراوە
ئۆفیسی کەرکوکی کۆمیسیۆن: رێژەی دەنگدان لە کەرکوک 64% بووە
964+
پێشەوا محەمەد
لقی کەرکوکی ئۆفیسی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، رێژەی دەنگدان لە کەرکوک 64% بووە.
ئۆفیسەکە دەڵێت، 525 هەزار و 971 دەنگدەر لە کەرکوک دەنگیان داوە.
لە پارێزگای کەرکوک 868 هەزار و 901 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە، ئێوارەی ئەمڕۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 65 هەزار دەنگدەر کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە و دەنگیان نەداوە.
کورد لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بە پێنچ لیست بەشدار بووە و بە تێکڕا 72 کاندیدیان هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 18.12.2023 هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو. بۆ ئەو هەڵبژاردنە، 254 کاندید کێبرکێ لەسەر بەدەستهێنانی 15 کورسیی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەکەن لەگەڵ کورسییەکی پێکهاتەکان.
بە پێی زانیارییەکانی 964، هاوڵاتییەکی زۆر نەیانتوانیوە دەنگ بدەن، چونکە ئامێری پەنجەمۆرەکە نەیتوانیوە پەنجەمۆرەکان بخوێنێتەوە و لە دەنگدان بێبەش بوون.