بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پێنجوێن. وێنە :964
بایکۆت قوتابخانەکانى داخستووە
پێنجوێن پێویستى بە بیناى قوتابخانەیە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
لە قەزاى پێنجوێن تەنیا 12 بیناى قوتابخانە هەیە، بەڵام بەقسەى پەروەردەى پێنجوێن پێویستیان بە سێ تا پێنج بیناى دیکە هەیە، لە ئێستاشدا بایکۆت بەردەوامە و دەرگاى قوتابخانەکان بە داخراوى ماونەتەوە.
لە تەواوى سنورى قەزاى پێنجوێن، 83 بیناى قوتابخانە و باخچەى ساوایان و نەهێشتنى نەخوێندەوارى هەیە، بە وتەى ئەسعەد جافر، بەڕێوەبەرى پەروەردەى قەزاکە بۆ 964،” لەو ژمارەیە 12یان بیناى قوتاخانەن کە بە هەموویانەوە 17 دەوامى تێدا دەکرێت و زۆربەیان دوو قوتابخانەن لە ناو یەک بینادا.
بۆ چارەسەرکردنى کێشەکە، ئەسعەد جافر دەڵێت: پێویستمان بە پێنج قوتابخانەى 18 پۆلى هەیە، بەڵام ئەگەر سێ قوتابخانەمان بۆ بکرێتەوە، کارمان باشتر دەبێت.
لە قەزای پێنجوێن، 11 هەزار قوتابى و نزیکەی هەزار مامۆستا بوونیان هەیە کە 583 یان وانەبێژن.
ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامى بایکۆتى پڕۆسەى خوێندن و ئەمڕۆش لە قەزاکە خۆپیشاندانى مامۆستایان و وانەبێژان بەردەوامى هەیە.
پێداچونەوە: وریا فەتاح