لە ناحیەی خورماڵ کەس ناوێرێ ماتۆڕ بکڕێت

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لە دوو مانگی پێشوودا، زیاتر لە 40 ماتۆڕ لە ناحیەی خورماڵ دزراون، ئەمە وایکردووە خەڵکی ئەوێ سڵ لە کڕینی ماتۆڕ بکەنەوە.

پۆلیسی هەڵەبجە، کە خورماڵ سەر بەوێیە، دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ماتۆڕەکان تۆمارنەکراون لە هاتوچۆ، خاوەنەکانیان سکاڵایان تۆمار نەکردووە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی 964+ لە پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجەوە دەستی کەوتووە، لەناو خورماڵ 16 ماتۆڕ و لە هاوینەهەواری سەرچاوەی زەڵم تا ئەحمەدئاوا 25 ماتۆڕ دزراون لەو دوو مانگەدا.

بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە 964+ـی وت، ئەو دیاردەیە هەیە و ئاگادارن، بەڵام کەمترین کەس سکاڵا تۆمار دەکات، چونکە زۆرینەی ماتۆڕەکان تۆمار نەکراون، بۆ ئەوەی تووشی لێپێچینەوە نەبن، سکاڵا تۆمار ناکەن.

وتەبێژەکەی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، ئەوانەی ماتۆڕەکان دەدزن ئەو زانیارییەیان لایە و بە هەلی دەزانن و زۆرینەی ماتۆڕەکانیش بە قاچاخ دەبەنە ئێران.