داوای لێخۆشبوونی کردبوو

ئێران دەڵێت جاسوسێکی ئیسرایلیان لە سێدارە دا

بەهرە محەمەدئەمین

سزای لەسێدارەدانی ئەو کەسەی کە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێران بە تۆمەتی پەیوەندی بە هەواڵگرییە دەرەکییەکان لە ناویاندا مۆساد سزا درابوو، جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ناوەندی راگەیاندنی دەزگای دادوەری ئێران، ئەم کەسە هەم پەیوەندی لەگەڵ هەواڵگرییە بیانیەکان هەبووە و هەم زانیاریە نهێنییەکانی کۆکردووەتەوە و خستویەتی بەردەستیان، بە تایبەتی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی.

سەرچاوەکە دەڵێت، دوای دەستبەسەرکردن و تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، لە دادگای شۆڕشی زاهیدان بە تاوانی سیخوڕی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.

دواتر لەبەر ئەوەی تۆمەتبار تانەی لە بڕیارەکە داوە، بۆیە دۆسیەکەی رەوانەی دادگای باڵای ئێران کراوە و لەوێش دوای دووبارە پێداچوونەوە، تانەکە رەتکراوەتەوە و داگای باڵاش حوکمەکەی پەسەند کردووە.

تۆمەتبارەکە داوای لێخۆشبوونی کردووە ، بۆیە دۆسیەکە نێردراوە بۆ ناوەندی لێخۆشبوونی دادوەری، لەوێش کۆبوونەوەی بۆ کراوە و بە هۆی نەبوونی مەرجی پێویست بۆ لێخۆشبوون، داواکەی لەوێش رەتکراوەتەوە .

لەگەڵ تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ سزای لە سێدارەدانی ئەم کەسە لە زیندانی زاهیدان جێبەجێ کرا.