رێنماییان به‌ قوتابییه‌كان داوه‌

پێداویستى ته‌ندروستى به‌سه‌ر قوتابخانه‌ى گونده‌كانى بالیسان دابه‌ش كرا

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

تیمێكی ته‌ندروستى نه‌خۆشخانه‌ى ناحیه‌ى بالیسان هه‌ڵمه‌تێكیان بۆ قوتابخانه‌ى گونده‌كانى سنووره‌كه‌یان ده‌ستپێكردووه‌و پێداویستى ته‌ندروستیان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كه‌ن.

له‌سنوورى ناحیه‌ى بالیسان نزیكه‌ى 25 قوتابخانه‌ هه‌ن  و ته‌نیا پێنج دانه‌یان كه‌وتووه‌ته‌ ناوه‌ندى ناحیه‌ و ئه‌وانه‌ى دیكه‌ له‌ گونده‌كانى ئه‌و سنووره‌ن.

پێداویستییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بریتی بوون له‌ ته‌عقیمی دەست ، پلاستەر، ماسک، مەرهەمه‌كانی دەست و چاو، گۆز، لۆکە، دەستکێش و باندج.

فه‌رهاد عه‌زیز شێخوه‌سانى به‌ڕێوه‌به‌رى كارگێڕی نه‌خۆشخانه‌ى بالیسان به‌ 964ـى وت، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یان به‌رده‌وامه‌ و ته‌واوى ئه‌و قوتابخانانه‌ به‌سه‌رده‌كه‌نه‌وه‌.

وتیشی “تا ئێستا قوتابخانه‌كانى حه‌وت گوند به‌سه‌ركراونه‌ته‌وه‌ و ئه‌وانه‌شى ماوه‌ن به‌سه‌رده‌كرێنه‌وه‌”.

ئاماژهى‌ به‌وه‌شكرد، له‌گه‌ڵ پێدانى پێداویستى ته‌ندروستی، رێنمایی پزیشکی و ته‌ندروستیشیان بۆ پاکوخاوێنی و خۆپاراستن لە نەخۆشیە جۆراوجۆرەکان به‌ قوتابییه‌كان ده‌درێت‌ و بەوردیش چاودێری سەرچاوەی ئاو و حانوت و دەستشۆر و سەرجەم ئەوشوێنانەیان له‌ قوتابخانه‌كان كردووه‌ کە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیە جۆراو جۆرەکان.