دیمەنێک لەیارییەکەی نێوان زاخۆ و کارەبا. وێنە: 964
بە جیاوازییەکى کەمەوە
زاخۆ کارەباى تێپەڕاند
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
لە گەڕی 12ـی خۆلی نایابی باسکەی عێراق، زاخۆ لە کارەبای بردەوە.
ئەمرۆ پێنجشەممە 14.12.2023، لە چوارچێوەی خولی نایابی باسکەی عێراق، یانەى زاخۆ میوانداری تیپی باسکەی کارەبای کرد.
لە دوو چارەگی یەکەم ئاستی هەردولا لە یەکتری نزیک بوو، بەڵام باسکەی کارەبا بە جیاوازی پێنج خاڵ و بە ئەنجامى 40 خاڵ بەرامبەر 35 خاڵ، پێش یانەى باسکەی زاخۆ کەوت.
لەگەڵ دەستپێکردنەوەی گێمی دووەمدا، هەردوولا بە بەهێزی هاتنەوە ناو یاریگا و کێبڕکێیەکی توند لەنێوانیاندا دروستبوو تا بە ئەنجامی یەکسانبوون بە کۆکردنەوەی 72 خاڵ بۆ هەردوولا، کوتایی هات.
لە پێنج خۆلەکی کاتى زیادکراودا، باسکەی زاخۆ توانیان ئەنجامەکە لەبەرژەوەندی خۆیان بە کۆکردنەوەی 82 خاڵ بەرامبەر 80 خاڵ، کوتایی پێبهێنن.
موراد عەلی، یاریزانی باسکەی زاخۆ بە 964 وت،” سەرکەوتنەکەمان زۆر گرنگ بوو، چونکە باسکەی کارەبا لە تیمە هەرە بەهێزەکانی عێراقە و هەوڵ دەدەین ئاستی خۆمان بۆ یاریەکانی داهاتوو باشتریش بکەین”.
سەرەڕاى تێپەڕبوونى 12 گەڕ بەسەر خولى نایابى باسکەى عێراق، بەڵام باسکەى زاخۆ تەنیا سێ سەرکەوتنى بەدەستهێناوە و لە هەشت یاریشدا دوچارى شکست بووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح