ئیڤێنتێك له‌ هه‌ولێر

ئاڵنگارییەکانی بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمى کوردستان چین؟


ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

بەڕێوەبەرایەتى گشتیى سەرچاوەکانى ئاوى هەرێم بە هاوبەشی زانکۆی کوردستان، لە بارەی ئاڵنگارییەکانی بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمى کوردستان، ئیڤێنتێكی ئەنجامدا.

ئیڤێنتێكه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 12.12.2023 ئه‌نجام درا و تێیدا ئاڵنگارییەکانی بەڕێوەبردنی ئاو لە هەرێمى کوردستان، دیاریکردنی کاری لە پێشینەی داڕشتنی نەخشەڕێگەیەکی تەواوکاری لە بارەی ئاو، هه‌روه‌ها تاوتوێکردنی بابەتی ئاوەڕۆ و ستراتیژیەتی دووبارە بەکارهێنانەوەی بۆ پێویستییە هەنووکییەکان و داهاتوو، خرایە ڕوو.

بە پێى سەرچاوە زانستییەکان، كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی هه‌رێم ئاماژه‌ی پێكردووه‌، مەترسیی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، تا ساڵی 2050 بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە یەک پلەی سیلیزی و کەمبوونەوەی بارانبارین بە رێژەی 10٪، دەبنە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی سازگار بە رێژەی 20٪ و بەو هۆیەشەوە نزیکەی یەک لەسەر سێی زەوی لە عێراق و ناوچەکە ئاوی پێناگات.

لە هەرێمى کوردستانیشدا، هه‌روه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاوی هه‌رێم ئاماژه‌ی پێكردووه‌، بە گشتیى باران 30٪ـی ئاوی ژێر زەوى دابین دەکات و نزیکەی 70٪ـی سەرچاوەکانی دیکەی ئاویش لەسەر رووبارەکانە.

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا، جگه‌ له‌ به‌رپرسانی حكومی، چەندین پسپۆر و شارەزا و مامۆستایانى زانکۆ و نوێنەری رێکخراوەکانی UN و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە ئاو به‌شداربوون.