ده‌یان حاڵه‌تى سه‌رپێچیكردنى بریكاره‌كانى خۆراك له‌ هه‌ولێر تۆمار كراون

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

به‌شێك له‌ بریكاره‌كانى خۆراك له‌ناو هه‌ولێردا رووبه‌ڕووى سزاى ماددى بوونه‌ته‌وه‌ به‌هۆى كه‌مته‌رخه‌میكردن له‌ كاره‌كانیان، سه‌رۆكى لیژنه‌ى چاودێری بریكاره‌كانیش ده‌ڵێت “له‌هه‌ر شوێنێك سكاڵاى هاوڵاتیان هه‌بێ، ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و شوێنه‌ “.

سیروان به‌هائه‌دین عه‌لی، سه‌رۆكى لیژنه‌ى به‌دواداچوونى بریكاره‌كانى خۆراك له‌هه‌ولێر به‌ +964 ى وت “به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام لیژنه‌كه‌مان به‌سه‌ر ئه‌و بریكارانه‌دا ده‌گه‌ڕێ و چاودێری ئه‌و كه‌موكوڕینه‌یان ده‌كه‌ن كه‌ هه‌یانه‌”:.

به‌پێی پلانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی رێكخستنى خۆراكی هه‌ولێر، هه‌موو رۆژانى یه‌كشه‌ممه‌ و چوارشه‌ممه‌یه‌ك ئه‌و لیژنه‌یه‌ ده‌رده‌چێ، هه‌ركاتێكیش هاوڵاتیان په‌یوه‌ندییان پێوه‌بكه‌ن و سكاڵایان هه‌بێت، ده‌رده‌چن.

له‌باره‌ى داخستنى هه‌ندێ شوێنی بریكاره‌كان، سه‌رۆكى لیژنه‌کە وتى “به‌دواداچوونمان بۆ ئه‌وه‌ كردوو‌ه‌ سكاڵای چه‌ند هاوڵاتییه‌ك بوو، ده‌ركه‌وت بریكارى دابه‌شكردنى خۆراك‌ وه‌ك پێویست شوێنه‌كانیان نه‌ده‌كرده‌وه‌، كه‌ به‌پێی یاسا پێویسته‌ له‌ كاتژمێر 9ى سه‌رله‌به‌یانى تا 12 ى نیوه‌ڕۆ و له‌دواى كاتژمێر 2 ى دواى نیوه‌ڕۆش تا 5ى ئێواره‌ شوێنه‌كانیان كراوه‌ بێت”.

ناوبراو ئه‌وه‌ى ره‌تكرده‌وه‌ هیچ حاڵه‌تێكی گۆڕینى مادده‌ خۆراكییه‌كان له‌لایه‌ن بریكاره‌كانى خۆراكى سنوورى هه‌ولێر هه‌بووبێت، به‌ڵام ده‌ڵێ “زۆر جار كه‌ ئێمه ‌سه‌ردانیان ده‌كه‌ین به‌شێك له‌و ماددانه‌ى بۆیان هاتووه‌، تێكچووه‌ ئێمه‌ش‌ به‌ نووسراوى ره‌سمی بۆیان ده‌گۆڕین”.

باس له‌وه‌ش ده‌كات، مانگى رابردوو ده‌یان حاڵه‌تى سه‌رپێچى هه‌بووه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات “یه‌كه‌مجار ئاگاداریان ده‌كه‌ینه‌وه‌، دواتر ئه‌گه‌ر دووباره‌ سه‌رپێچییه‌كه‌یان كرده‌وه‌ ، سزاى ماددیان ده‌ده‌ین”.