چیتر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی پەروێزخان کێشی زیادە بار ناکەن

شۆفێرەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی

میدیازان – هونەر فارس – کەلار

دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان – Social Media

دوای ئەوەی کێشی باری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانی مەرزی پەروێزخان لە لایەن خاوەن کاڵاکانەوە زیادکرا، شۆفێران ناڕەزایەتییان دەربڕی و بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیانیش بڕیاریدا چیتر کێشی زیادە قەدەغە بکرێت.

فەرهاد کەریم، یەکێک لە شۆفێرە بارهەڵگرەکانی مەرزەکە بە میدیازانی ڕاگەیاند: کێشی ئاسایی ئۆتۆمبێلی فلات ٢٨ تۆنە، بەڵام لە لایەن بازرگانانەوە بۆ ٤٠ تۆن زیاد کراوە و ئێمەش هەمان کرێی پێشتر وەردەگرین.

شۆفێرانی مەرزەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمییان گردبوونەوە و داوای چارەسەرکردنی کێشی زیادی بارەکانیان دەکرد.

عەمید موحسین مەنسور، بەڕێوەبەری هاتووچۆی گەرمییان، سەبارەت بەو کێشەیە  بە میدیازانی راگەیاند: ئێمە پشتگیریی داواکانی ئەو شۆفێرانەین و پێمان ڕاگەیاندوون لەمەودوا لە کێشی باری ئاسایی خۆیان باری نەکەن و ئێمەش ڕێگە نادەین.