جێبەجێکارێکی لەسێدارەدان لە تارانی پایتەختی ئێران لە ماوەکانی رابردوو
زیاتر لە 90 کورد لەسێدارە دراون
سێ کورد لە ئێران لەسێدارە دران
پێشەوا محەمەد
ئەمڕۆ هەینی سێ کورد لە بەندینخانەی ئورمییە لەسێدارە دران و رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، ئەمساڵ زیاتر لە 90 کورد لەسێدارە دراون.
لەسێدارەدراوەکان تەمەنیان، 39، 40 و 62 ساڵ بووە و تۆمەتەکەیان بازرگانیکردن بووە بە مادە هۆشبەرەکان.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاوی کردووەتەوە، ئەو بەندکراوانە بۆ ماوەی سێ ساڵ و چوار ساڵ زیندانی بوون و دواجار بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو چوار بەنداوی دیکەی کورد لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.
ئەمساڵ تا ئێستا لە ئێران زیاتر لە 600 کەس لەسێدارە دراون و زیاتر لە 90یان کورد بوون، ئەوەش زانیاریی رێکخراوی هەنگاوە و دەشڵێت، “لە چاو دوو ساڵی رابردوو ئەمساڵ ئێران زۆرترین لەسێدارەدانی هەبووە”.
بە پێی زانیارییەکانی رێکخراوەکە، زۆرترین لەسێدارەدانەکان لەسەر مادەی هۆشبەر، هۆکاری سیاسی و کوشتن بوون.