964+
لەبارەی هێرشە درۆنیەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ
ئەنجومەنی ئاسایش: حکومەتی عێراق بە بەرپرسیار دەزانین لە راگرتنی هێرشەکان
فەهمی نەبی
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی کێشا بە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە هەولێر، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و حکومەتی عێراق لە راگرتنی هێرشەکان بە بەرپرسیار دەزانێت.
ئەمڕۆ هەینی دەنگێکی گەورە لە بەشی رۆژئاوای هەولێر بیسترا، سەرەتا وترا دەنگەکە لە گەڕەکی 32ی پارک بووە، بەڵام دواتر بەگوێرەی راگەیەنراوی ئاسایش، درۆنێک خۆی کێشاوە بە شوقەیەکی نیشتەجێبوون و زیانی گیانی نەبووە، بەڵام ئاماژە بە گەڕەکەکە نەکراوە.
لە راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش هاتووە “وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە لە دژی هاوڵاتییانی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی عێراق بە بەرپرسیار دەزانین لە راگرتنی ئەم هەوڵانەی گرووپە لەیاسادەرچووەکان”.
دوای هێرشەکە ئەو گروپانەی لە ئێران نزیکن لە گروپەکانی تیلیگرام رایانگەیاند، هێرش کراوەتە سەر بنکەی ئەمریکیەکان لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر، 964 بەدواداچوونی کردووە تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ دەنگێک لە بنکەی ئەمریکیەکانی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر نەبیستراوە.