له‌ حاڵه‌تێكی‌ سه‌یردا چوار ئۆتۆمبێل دوو ژمارەیان هه‌یه‌

“ئێوەش بەدوای تابلۆی هاوشێوەی ژمارەکانتاندا بگەڕێن نەوەك دووبارە هەبێت”

میدیازان – هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

وێنەی دوو ئۆتۆمبێلەکەی ئەیوب محەمەد – سۆشیاڵ میدیا

لە هەڵەبجە دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت کە لە هەمان جۆر و مۆدێلن، یەک ژمارەیان پێدراوە و هەردوو بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەڵەبجە و سلێمانیش دەڵێن ئاگامان لێ نییە. هاوڵاتییەکی دیکەش دەڵێت،  لە مانگی 9دا ئۆتۆمبێلێکی دۆزیوەتەوە هەمان تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی لەسەر بووە.

شۆفێرێک لە هەڵەبجە وێنەی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی لەگەڵ ئۆتۆمبێلێکی دیکە بڵاوکردووەتەوە و دەردەکەوێت هەردوو ئۆتۆمبێلەکە یەک ژمارەیان لەسەرە.

ئەیوب محەممەد، خاوەنی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کە جۆرەکانیان “MG”یە لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی “ئێوەش بەدوای تابلۆی هاوشێوەی ژمارەکانتاندا بگەڕێن نەوەك دووبارە هەبێت”.

میدیازان پەیوەندی بە ئەیوب محەممەد کرد، ئەو وتی، “تائێستا کەس لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ پەیوەندی پێمانەوە نەکردووە، مەگەر خۆمان بڕۆین بۆ هاتووچۆ.” زیاتر وتی، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان سلێمانییە و ” بەنیازین هەفتەی داهاتوو سەردانی هاتوچۆی سلێمانی بکەین.”

ئەیوب محەممەد، هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە بە میدیازانی راگەیاند، هەردوو ئۆتۆمبێلەکە لە مانگی ئەیلوولی رابردوو مامەڵەی بەناوکردن و ژمارەیان بۆ کراوە.

پرسیمان ئەگەر پێبژاردنتان هەبێت دەبێت کامتان بیدەن، ئەیوب محەممەد لە وەڵامدا وتی، تا ئێستا ئۆتۆمبێلەکان پێبژاردنیان لەسەر نیە و تازە بەناوکردنیان بۆ کردووە، “بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوەی من ساڵاناکەش و تابلۆکەشی وەک یەکە واتە دروستە هەڵەی نیە، بەڵام ساڵانە و تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی دیکە جیاوازییان هەیە، لەوانەیە ئەگەر سەرپێچی هەبێت پێویست بکات من بیدەم.”

دەشڵێت، پاش سێ رۆژ سەردانیکردنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ، خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر، ماندووبوون بۆ گواستنەوەی خاوەندارێتی و وەرگرتنی تابلۆی نوێ، کەچی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکەی هاوشێوەی ئۆتۆمبێلێکی دیکەیە.

لە حاڵەتێکی دیکەی هاوشێوەدا شۆفێرێکی دیکەش دەڵێت، ئەویش هەمان کێشەی بۆ دروست بووە و لە مانگی 9دا ئۆتۆمبێلێکی دۆزیوەتەوە هەمان تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی خۆی لەسەر بووە.

ئەو لەبەر ئەوەی کارمەندی یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکانە، نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە میدیازانی راگەیاند، “لەکاتی (پێبژاردنی) غرامەی مرور ئۆتۆمبێلەکەی من و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیەکی خەڵکی کەلار هەمان ژمارە بوو، خوا لەخێری دەرنەکات 485 هەزار دینار پارەی کامێرام هەبوو بەخوا غەرامەیەکی ئەویش هاتە سەر من ئەیان وت نازانین هی کامتانە.”