964 بەدواداچوونی بۆ کرد

لە بەردەم نەخۆشخانەی شار و گوندی ئەڵمانی داوای بەرزە پرد دەکرێ


ئەحمەد مستەفا

دانیشتوویەکی شارە حەیاتەکە، داواکارییەکی هەیە دەڵێ، تکایە لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود لە بەردەم نەخۆشخانەی شار و بەردەم گوندی ئەڵمانی  بەرزە پرد دروست بکەن.

وەک خۆی دەیگێڕێتەوە، چەندین جار بینیویەتی، رووداوی هاتوچۆ روویداوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی پیادەڕەوانەوە، هەر دوێنێ سێشەممە 5.12.2023 خوێندکارێکی کۆلیژی پزیشکی ویستی بپەڕێتەوە و سەیارە لێیدا و تەرمەکەی رەوانەی کەلار کرایەوە.

دوو ترافیک لە هەردوو ناوچەکە هەن، بەڵام لێژیی شەقامەکە و بەپیادەرێکردنی خەڵک بەسەریدا، بووەتە هۆکاری مەترسی گەورە لەسەریان، ئەرکان محەمەد دانیشتووەکەیە ئەو داواشی کرد، “لە جێگەی ئەو ترافیکانە، بەرزە پردی کارەبایی دروست بکرێت”.

بۆ گەیاندنی ئەم داواکارییە 964 پەیوەندیی کرد بە فوئاد باقی، وتەبێژی رێگاوبانی سلێمانی و ئەویش وتی، “شارەوانیی سلێمانی، دیزاین و دروستکردنی بەرزە پرد ئەنجام دەدات”، لە پەیوەندیییەکی تەلەفۆنیشدا، زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی رەتیکردەوە زانیاری لەو بارەوە هەبێت، هاوکات ئاکۆ عەلی جێگری سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی وتی، ” بۆ میدیا قسە ناکەم”.

لەلایەکی دیکەوە، 964 پەیوەندی کرد بە سکرتێری سەرۆکی شارەوانی و ئەویش وتی، سەرۆکی شارەوانی لە کۆبوونەوەدایە، سکرتێری رۆژنامەوانییەکەشی مۆبایلەکەی داخرابوو، بە گوێرەی سۆراغی 964، دیزاینی بەرزە پردەکان ئامادەن بۆ هەردوو پڕۆژەکە، بەڵام لەسەر تەرخانکردنی گوژمە و تێچووەکەی ماوەتەوە.