ڤیدیۆکە ببینە

لە مەدینە سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران


موحسین عومەر

ڤیدیۆیەک لەلایەن ئاسایشی گشتیی سعودیەوە لە لاپەڕەی فەرمی خۆیان لە تۆڕی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە چاودێریی بازرگانێکی مادەی هۆشبەر دەکەن و دواتر شێوازی هەڵکوتانە سەر ئەو گرووپە و ئەوەی لە بەردەستیاندا دۆزرایەوە، پێشان دەدەن.

ئاسایشی سعودیە رایگەیاند: “هێزی ئەرکە تایبەتەکانی پۆلیسی شاری مەدینە سێ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە، کە رەگەزنامەی پاکستانییان پێبووە، کاریان ئامادەکردنی مادەی هۆشبەر بووە لەناو خانوویەکدا، کاتێک دەستگیریش کراون 95.5 گرام مادەی هۆشبەری میتامفیتامینیان پێبووە.

ئەم سێ تۆمەتبارە جگە لە ئامادەکردن، کاری بڵاوکردنەوە و فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکەشیان کردووە.

لە درێژەی بەیاننامەکەی ئاسایشی سعودیەدا هاتووە: “دەسەڵاتدارانی ئەمنی داوا لە هاوڵاتیان و دانیشتووانی ئەو شارە دەکەن، هەموو ئەو زانیارییانەی لەبەردەستیاندایە سەبارەت بە هەر چالاکییەکی پەیوەست بە قاچاخچێتی مادەی هۆشبەر، یان پەرەپێدانی مادە هۆشبەرەکان، بە پەیوەندیکردن بە ژمارە 911 بکەن”.

وەک لە ڤیدیۆکەی ئاسایشی سعودیەدا دەردەکەوێت، ئەو سێ تۆمەتبارە شێوازی فرۆشتنی سەرشەقامیان بەکارهێناوە و لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە و لە رێگەی ڤیدیۆی مۆبایل لەلایەن چەند هاوڵاتییەکی سعودیەوە ئاشکرا کراون.