لە ژێر هەر ناوێکدا بێت
وەزارەتی ئەوقاف نووشتە و جادوو قەدەغە دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی ئەوقاف لە رێگەی رێنماییەکەوە نووشتە و جادوو قەدەغە دەکات و بۆ جێبەجێکردنیشی چاوەڕێی بڵاوکردنەوەی رێنماییەکەیە لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان.
رێنماییەکەی وەزارەتی ئەوقاف لە پێنج مادە پێکدێت و رەوانەی وەزارەتی داد کراوە بۆ بڵاوکردنەوەی.
لە مادەی یەکی رێنماییەکەی وەزارەتی ئەوقافدا هاتووە، بەکارهێنانی رێگاکانی فێڵکردن و هەڵگرتنی ناسناوی ساختە و نادروست وەک شێخ، مەلا، بانگخواز، قەشە، پیاوی ئایینی و هاوشێوەکانی بە بەکارهێنانی پەرتووکە پیرۆزەکانی خودا بۆ پارەپەیداکردن قەدەغەیە.
مادەی دووەمی رێنماییەکە فەرمانبەر و دامودەزگاکانی وەزارەتی ئەوقاف ئاگادار دەکاتەوە بە جێبەجێکردنی رێنماییەکە وەک خۆی.
لە مادەی سێیەمدا هەموو رێکخراوە ناحکومییە ئایینییەکان ئاگادار کراونەوە لەگەڵ رێکخراوە ناحکومییەکانی دیکەدا کار بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکە بکەن.
مادەی چوارەم دەزگا و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەت رادەسپێرێت، بە تۆمارکردنی سکاڵا لە ئەگەری بوونی ئەو حاڵەتانە و مادەی پێنجەمیش تایبەتە بە وادەی جێبەجێکردنی رێنماییەکە لەوکاتەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە 964ـی راگەیاند، وەزارەتەکەیان دەرکردنی ئەو رێنماییانەی بۆ قەدەغەکردنی ئەو کارانە بە پێویست زانیوە.
دەشڵێت، چاوەڕێی وەزارەتی دادن رێنماییەکە لە وەقائیعی کوردستان بڵاوبکاتەوە و جێبەجێی بکەن.