لە شەش مانگی رابردوودا نرخی بەرمیلێک گازوایل 30 هەزار دابەزیوە
+964
مریەم ئەحمەد – هەولێر
لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای 2022 نرخی گازوایل ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد، لە شەش مانگی رابردوودا 30 هەزار دینار لە نرخەکەی دابەزی.
لە سەرەتای ساڵی رابردوو، 2022، نرخی بەرمیلێک گازوایل لە 155 هەزارەوە بۆ 250 هەزار دینار لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو هەڵکشا.
ئەو هەڵکشانەش هاوکات بوو لەگەڵ هەڵکشانی نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ 125 دۆلار.
نرخی نەوتی خاو لە بازارەکانی جیهان، لە شەش مانگی یەکەمی 2022 لە 125 دۆلارەوە دابەزی بۆ 80 دۆلار، ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی سووتەمەنی بە گشتی دروستکرد.
لەم ماوەیەدا نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ خوار 80 دۆلاریش دابەزی، بەڵام نەوتی خاو ساڵی 2022ـی بە سەرووی 80 دۆلار کۆتایی پێهێنا.
ئەو دابەزینەی نرخی نەوتی خاو، کاریگەری لەسەر گازوایل دروستکرد، نرخی بەرمیلێک گازوایل لە 250 هەزار دینارەوە بۆ 220 هەزار دینار دابەزاند.
ئاماد عەباس، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای پێترۆ ڤێژن بۆ نەوتی خاوی برێنت لە كوردستان بە +964ـی وت، “لە سەرەتای 2022 نرخی نەوتی خاوی برێنت بە 125 دۆلار بوو، لە شەش مانگی یەکەمدا پێنج دۆلار دابەزی، بەڵام لە شەش مانگی دووەم نرخەکە بۆ 80 دۆلار دابەزی”.
دەشڵێ: پێوەند بە گازوایل، سەرەتای 2022 نرخی بەرمیلێک گازوایل بە 155 هەزار دینار بوو، دواتر لەگەڵ هەڵکشانی نرخی نەوت، ئەویش بەرزبووەوە بۆ 250 هەزار دینار، بەڵام لە شەش مانگی دووەمی 2022 دابەزی بۆ 220 هەزار.
عەبدوڵلا تەندور، سەرۆكی ئەنجومەنی بۆرسە سووتەمەنییەكانی هەولێر بۆ +964 قسەی کردووە، هۆکاری هەڵشان و دابەزینی نرخی گازوایل دەبەستێتەوە بە خواست لەسەری و دەڵێ: هەر شتێك كەم بێت خواستی لەسەر دەبێت و نرخەكەی بەرز دەبێتەوە، ئەگەریش زۆر بوو ئەوا نرخی دادەبەزێت.
زیاتر وتی، “لەگەڵ ئەمەشدا بەرزبوونەوەو دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهانی و جێگیر نەبوونی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی کاریگەرییان لەسەر نرخی گازوایل دەبێت”.
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبووەی نرخی گازوایل بە قسەی عەبدوڵلا تەندور، داخستنی بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقە، بەو پێیەی زۆربەی سووتەمەنییەكان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە دێت.
بەدەر لەم هۆكارانە هاتنی وەرزی زستان خواستی لەسەر کڕینی گازوایل زیاد کردووە، ئەمەش بەهۆی زۆر بەکارهێنانیان لەلایەن بەرهەمهێنەرانی کارەبا، چ لە وێستگەکانی کارەبای نیشتیمانی بێت، یان مۆلیدەی گەڕەکەکان.