گەشەى دانیشتوان دادەبەزێت
چوار ساڵى دیکە ژمارەى دانیشتوانى عێراق دەگاتە 48 ملیۆن کەس
964+
وریا فەتاح
وەزارەتی پلاندانانى عێراق، پێشبینی دەکات تا ساڵی 2028 ژمارەی دانیشتوان بگاتە 48 ملیۆن کەس.
ماهر حەماد جوهان، بریکارى وەزارەتى پلاندانانى عیراق بە رۆژنامەی سەباحی عێراقی راگەیاندووە، بەپێى پلانى گەشەکردنى نیشتمانى بۆ ساڵى (2024_2028)، پێشبینى ئەوە دەکەین تێکراى گەشەى دانیشتوان بۆ 2.5% دابەزێت و رێژەى تەمەنى دەستى کار بگاتە نزیکەى 60 ساڵ.
بریکارى وەزارەتى پلاندانانى عیراق ئەوەش دەڵێت، ئامانجى پلانە چوار ساڵییەکە ئەوەیە کە رێژەى گەشەى ئابورى بگەیەنێتە 3%، کە ئەوەش دەکەوێتە ژێر کاریگەرى نرخى نەوت و قەبارەى وەبەرهێنان و بازرگانى دەرەکى کە کاریگەرى راستەوخۆى هەیە لەسەر هێزى کڕین لەلایەن هاوڵاتییانەوە.
بەپێى پێشبینییەکانى وەزارەتەکە، لەو ماوە دیاریکراوەدا ئاستى وەبەرهێنانى کەرتى حکومى بگاتە 75% و کەرتى تایبەتیش بە 22% بەشدارى بکات.
بە لەبەرچاوگرتنى دۆخەکە، وەزارەتى پلاندانانى عێراق پێشبینى دەکات تا ساڵى 2024، ژمارەى دانیشتوان لە عێراق بگاتە 48 ملیۆن کەس.
پێشتریش لە ساڵى 2020، وەزارەتەکە پێشبینى کردبوو تا ساڵى 2025 ژمارەى دانیشتوانى عێراق بگاتە 45 ملیۆن کەس لە کاتێکدا لەو کاتەدا ژمارەکە 40 ملیۆن کەس بوو.