دیاردەکە زیادیکردووە
ئەو کەسانەی ریکلام و نوسین لەسەر دیوارەکان دەنوسن سزا دەدرێن
964+
فەهمی نەبی
شارەوانی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ سڕینەوەی هەموو ئەو ریکلام و نوسینانەی لەسەر دیوارەکان دەنوسرێن و جێگری سەرۆکی شارەوانی دەڵێت، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگرینەبەر.
هەڵمەتەکەی شارەوانی هەولێر لە سنوری شارەوانی پێنج دەستیپێکردووە، کارمەندانی شارەوانی بە بۆیەی سپی ئەو نوسین و ناڕێکیانەی لەسەر دیوارەکان هەن دەیانسڕنەوە.
کارزان هادی جێگری سەرۆکی شارەوانی هەولێر بۆ 964 وتی، ئەم دیاردەیە تەشەنەی کردووە و کارێکی نارستانییە، ئەوەی پابەندی رێنماییەکان نەبێت رێکاری یاسایی بەرامبەری دەگرینەبەر.
بەوتەی کارزان هادی لەماوەی ساڵانی رابردوو رێکاری یاسایی بەرامبەر کۆمەڵێک خەڵک گیراوەتەبەر، بەتایبەت ئەوانەی ژمارەی تەلەفونی خۆیان نوسیوە، ئەمساڵ هەنگاوەکە بەمجۆرەیە شارەوانی خۆی بەشێکی زۆری دیوارەکان پاک دەکاتەوە.
رۆژی 23.11.2023 پارێزگای هەولێر رایگەیاند نووسینی رێکلام لەسەر دیوارەکان قەدەغەیە و هەر کەس ئەوە بکات سزا دەدرێت.
شاری هەولێر دابەشی سەر شەش شارەوانی دەبێت، شارەوانی پێنج هەریەکە لە گەڕەکەکانی برایەتی و ڕاپەڕین و خانزاد و گەڕەکی ژیان و هەولێری نوێ و چەند گەڕەکێکی دیکە دەگرێتەوە.