فەتوای کەرکوک: شت فرۆشتن لەسەر شەقامەكان حەرامە
+964
كاروان ساڵحی – كەركوك
لیژنەی فەتوای كەركوك دەڵێت، داگیركردن و فرۆشتنی كەلوپەل لەسەر شەقامەكان لە لایەن کاسبکارەکانەوە حەرامە.
رەشید كاكەبرا شوانی، سەرۆكی لیژنەی فەتوای شاری كەركوك بە +964ی راگەیاند، ماوەیەكە گلەیی زۆری هاوڵاتیانیان بۆ دەچێت لەبارەی ئەو دووكاندارانەی كەلوپەلی دوكانەكانیان دەبەنە سەر شەقامەكان، بە شێوەیەك تەواوی شەقامەكە داگیردەكەن و رێگە بە هاتوچۆی هاوڵاتیان نادرێت.
“ئێمە لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی فەتوای كەركوك بە تێكڕای دەنگ بڕیارماندا هەركەسێك بە مەبەستی پارە پەیدا كردن كاسبكار بێت یاخود دوكاندار بێت و شەقام شۆستەكان داگیربكات و ببێتە هۆی ئاستەنگی هاتوچۆی هاوڵاتیان، لە رێگەی شەرعەوە فەتوامان داوە ئەو پارەیەی لەو رێگەیە پەیدا دەكرێت حەرامە”.
لیژنەی فەتوا بە نوسراوی فەرمی سەرجەم دام و دەزگا فەرمیەكانی لە بڕیارەكە ئاگاداركردووەتەوە.
لە نوسراوەكەدا، داوا لە حكومەت كراوە شوێنێك بۆ ئەو كاسبكارانە دیاریبكرێت بۆ ئەوەی بژێوی ژیانی خۆیان پەیدا بكەن “بە حەڵاڵی” و سیمای شارەكەش تێكنەچێت