بۆ ئاوارەکان خەرجکراوە

ئاژانسی USAID: لە 2023ـدا زیاتر لە 114 ملیۆن دۆلارمان داوەتە عێراق

ژووری هەواڵ

ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 114 ملیۆن دۆلاری لەبواری هاوکاریکردنی ئاوارەکان و گۆڕانی کەشوهەوا، پێشکەش بە عێراق کردووە.

ئاژانسی USAID دەڵێت، ئەو پارەیە خەرجکراوە بۆ یارمەتیدانی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنەکانی خۆیان، هەروەها بۆ کەمکردکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کە بووەتە هۆی ئەوەی خەڵكێکی زۆر لە باشووری عێڕاق ئاوارە ببن.

بەگوێرەی راگەیێندراوی ئاژانسەکە، کە رێکەوتی 30.11.2023 بڵاویکردووەتەوە، لەنێوان مانگی نیسان و ئابی ئەمساڵدا نزیکەی چوار هەزار و 200 کەس لە پارێزگای نەینەوا ئاوارە بوون، کە 90%ـی ئێزدی بوون.

ئاژانسی USAID باسی لەوە کردووە، پلانیان هەیە کە 650 هەزار ئاوارە، “کە لە ئێستادا لە 25 کەمپی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن”، بگەڕێننەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسەکە، تاوەکو ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، 14 هەزار خێزان کە نزیکەی 83 هەزار کەس دەبن ناوچەکانی خۆیان لە 10 پارێزگای باشووری عێراق بەجێهێشتووە.

“نزیکەی 77%ـی ئاوارەکان بەرەو ناو شارەکان کۆچیان کردووە و زۆربەیان لە پەناگە نافەرمییەکان نیشتەجێبوون و دەستیان بە خزمەتگوزارییەکان ناگات”، ئاژانسی USAID وا دەڵێت.