ئەمڕۆ سکاڵا لەسەر یەکێتی مامۆستایان تۆمار دەکرێت

964+

دیلان محەمەد جەزا

ژمارەیەک مامۆستای سەربەخۆ ئەمڕۆ سکاڵا تۆمار دەکەن لەسەر یەکێتی مامۆستایان و نوێنەرەکەیان دەڵێت، تەنیا رێگە بە لیستە حزبیەکان دەدەن خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنی یەکێتی مامۆستایان.

نەوشیروان حەمە غەریب نوێنەری لیستی مامۆستایانی سەربەخۆ و ناڕازی بە 964ـێ وت، یەکێتی مامۆستایان لە ساڵی 2016ـەوە وادەکەیان بەسەرچووە، بڕیارە لە ئەمساڵدا هەڵبژاردن بکەن و کۆمەڵێک رێکاریان داناوە، تەنیا لیستە حزبیەکان دەتوانن بەشداری بکەن.

وتیشی، لە 20.8.2023ـەوە دەرگای خۆ تۆمارکردنیان بۆ هەڵبژاردن کردوەتەوە تا 30.8، بەڵام بە شاراوەیی بووە و نەیانهێشتووە کەس ئاگادار بێت، کاتێک زانیویانە وادەکەی بەسەرچووە و مافی خۆ تۆمارکردنیان پێ نەدراوە.

لیستی مامۆستایانی سەربەخۆ و ناڕازی ناتوانن خۆیان کاندید بکەن بۆ هەڵبژاردنی ڕۆژی 3.12.2023، هەر بۆیە تانەیان گرتووە لە سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایان و لیژنەی هەڵبژاردن، پێیان وتوون کاتەکەی بەسەرچووە و خۆتان نەتانزانیوە، ئەو نوێنەرەی مامۆستایانی سەربەخۆ وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ سکاڵا لەسەر ئەوە تۆمار دەکەن ئەو هەڵبژاردنە رابگیرێت، لە پێشتردا لە دادگای فیدڕاڵی هەوڵی راگرتنیان داوە، بەڵام پێیان وتوون دەبێت لە پارێزگاکانی خۆتان سکاڵا بکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی