لۆگۆی دەستەی گەشتوگوزار
چاوەڕوانی گەشتیارن
دەستەی گەشتوگوزار دەست بە ئامادەکاری پشووی سەری ساڵ دەکات
پێشەوا محەمەد
دەستەی گەشتوگوزار دەستی کردووە بە ئامادەکاری بۆ چالاکییەکانی پشووی سەری ساڵ و هاتنی گەشتیار.
ساڵانە لە پشووەکانی سەری ساڵ گەشتیاران بەتایبەت لە ناوەڕاست و باشووری عێراق سەردانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە 964ـی راگەیاند، دەستیان بە ئامادەکارییەکان کردووە و دەیانەوێت لەگەڵ کەرتی تایبەت و حکومەتە خۆجێیەکان بۆ دانانی بەرنامەکانی پشووی سەری ساڵ و هاتنی گەشتیار بەرنامە دابنێن.
وتیشی، “لەگەڵ هۆڵەکانی ئاهەنگ و کۆمەڵگە گەشتیارییەکان پلانی ئاهەنگ بە بەشداری هونەرمەندانی ناوخۆ و دەرەوە دادەندرێت و لەگەڵ حکومەتە خۆجێیەکانیشدا باس لە ئاهەنگە جەماوەری و گشتییەکان دەکرێت”.
ساڵی رابردوو زیاتر لە شەش ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، وتەبێژەکەی دەستەی گەشتوگوزار وتی، “ئەمساڵ ئاماری شەش مانگمان لەبەردەستە جارێ چوار ملیۆن 500 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێم و چاوەڕێیان ئەمساڵ هەشت ملیۆن گەشتیارمان هەبێت”.