بۆ دابەشکردنی نۆ هەزار و چوار یەکەیە

پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەکانی ئاوەدانکردنەوە مانگێک درێژ کرایەوە

964+

پێشەوا محەمەد

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەمڕۆ چوارشەممە بڕیاری درێژکردنەوەی فۆڕمی یەکەی کەمدەرامەتانی بۆ ماوەی مانگێکی دیکە راگەیاند.

مانگی هەشتی ئەمساڵ وەزارەتەکە فۆڕمی ئۆنلاینی بۆ دابەشکردنی نۆ هەزار و چوار یەکە بەسەر کرێنشینان و کەمدەرامەتان راگەیاند و ئەوکات کۆتا وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکان 30.11.2023 داندرا.

مەریوان مەلا حەسەن، وتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، درێژکردنەوەی وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئەو خێزانانەی بە هەر هۆکارێک بێت نەیانتوانیوە لەو ماوەیەدا فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە.

وتیشی، “تا ئێستا زیاتر لە 22 هەزار فۆڕم پڕکراوەتەوە و هەولێر بە پڕکردنەوەی نۆ هەزار و 233 فۆڕم لە پێش ناوچەکانی دیکەوەیە”.

بە پێی ئاماری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، سلێمانی حەوت هەزار و 989 فۆڕم و دهۆک دوو هەزار و 445 فۆڕم و هەڵەبجە 327 فۆڕمیان تێدا پڕکراوەتەوە.

هەر بە پێی ئاماری وەزارەتەکە، ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین 299 فۆڕم و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان هەزار و 259 فۆڕم و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 514 فۆڕم و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش 460 فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، هەروەها 137 فۆڕمیش پڕکراوەتەوە کە پارێزگایان دیاری نەکردووە.

“یەکەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان دروستکراون و زۆرینەیان 95%ـی کارەکانیان تەواو کراون”، ئەوەش قسەی مەریوان مەلا حەسەنە.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە سینگڵەکان بێهیوا دەکات

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە سینگڵەکان بێهیوا دەکات