پێلێ”ـی ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێ كۆچی دوایی كرد

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

ئه‌مشه‌و ئه‌فسانه‌ و ناوداری تۆپی پێ “پێلێ” دوای ململانێیه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ له‌ ته‌مه‌نی 82 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

میدیاكانی جیهانییه‌كان بڵاویان كرده‌وه‌، ئه‌مشه‌و “پێنجشه‌ممه‌ 29ی كانوونی یه‌كه‌م – به‌ كاتی كوردستان، ئیدیسۆن ئارانتێس دی ناسیمینتۆ، ناسراو به‌ “پێلێ” كۆچی دوایی كرد.

پیڵێ، ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێی جیهان و به‌ڕازیله‌ و به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ دیێگۆ مارادۆنای كۆچكردوو، له‌ لایه‌ن فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تیی تۆپی پێ “فیفا” به‌ باشترین یاریزانانی سه‌ده‌ی بیسته‌م دیاریی كراون.

پێڵێ براوه‌ی سێ نازناوی مۆندیاله‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیل له‌ ساڵانی 1958 له‌ سوێد، 1962 له‌ چیلی و 1970 له‌ مه‌كسیك.

پیلێ گۆڵكاری مێژوویی هه‌ڵبژارده‌ی به‌ڕازیله‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ نه‌یمار جۆنیۆر، كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان 77 گۆڵی تۆمار كردووه‌.

كیلی ناسیمینتۆ، كچی پیڵێ ئه‌مشه‌و له‌ تۆڕی ئینستاگرام، هه‌واڵی كۆچی دوایی باوكی راگه‌یاند و نووسیویه‌تی “بێ سنوور خۆشمان ده‌وێی، بنوو به‌ ئارامی”.

پێڵی چه‌ند ساڵێكه‌ باری ته‌ندروستی باش نییه‌، تووشی سستبوونی گورچیله‌كانی و هه‌روه‌ها شێرپه‌نجه‌ی قۆڵۆن هاتبوو، چه‌ند جارێكیش كه‌وتووه‌ته‌ باری خراپی ته‌ندروستی و چاودێریی چڕه‌وه‌، ئه‌مجاره‌شیان چه‌ند مانگێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ بوو، پێش ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ كۆچی دوایی بكات.

پێڵێ، كه‌ له‌ 23ی تشرینی دووه‌می 1940 له‌دایكبووه‌، له‌ كاروانی وه‌رزشیی خۆیدا جگه‌ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل، بۆ یانه‌كانی سانتۆسی وڵاته‌كه‌ی و كۆسمۆسی ئه‌مریكا یاریی كردووه‌.

ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ له‌ ساڵانی 1956 له‌گه‌ڵ یانه‌ی سانتۆس به‌ فه‌رمی ده‌ستی به‌ یاریی كردووه‌، له‌ یه‌كی تشرینی یه‌كه‌می 1977 به‌ فه‌رمی وازی له‌ یاریكردن هێنا، كه‌ خاوه‌نی 12 گۆڵه‌ له‌ مۆندیاله‌كاندا له‌گه‌ڵ 14 ئه‌سیست.

پیلێ هه‌روه‌ها له‌ ساڵانی 1995 تا 1998 وه‌زیری وه‌رزش بووه‌ له‌ وڵاته‌كه‌یدا.

به‌ پێی تۆماره‌كانی فیفا، پێلێ 1281 گۆڵی له‌ 1363 یاریدا تۆمار كردووه‌، كه‌ ئه‌م گۆڵانه‌ له‌ یارییه‌ دۆستانه‌ و فه‌رمییه‌كانی یانه‌كان و تیپی سه‌ربازیی به‌ڕازیل و هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی تۆماركراون، هه‌روه‌ها ناوی له‌ كتێبی گینیس بۆ ژماره‌ پێوانییه‌كان وه‌ك خاوه‌ن زۆرترین گۆڵی فه‌رمی له‌ تۆپی پێدا تۆمار كراوه‌.

تۆماری ده‌ستكه‌وته‌كانی پیڵێ له‌ كاروانی وه‌رزشیی خۆیدا گه‌لێكن زۆرن، به‌ تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی خولی به‌ڕازیل و جامی لیبه‌رتادۆریس و پاڵه‌وانیه‌تییه‌كانی دیكه‌ی ئه‌مریكای باشووردا.

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌ رێوڕه‌سمێكی شاهانه‌ پێلێ به‌ خاك بسپێردرێت.