ATMـەکەی بەردەم وەزارەتی کارەبا لە بێ کارەبایی لادرا

+964

ئاوات سولەیمان – بەشی کوردی

ATMـەکەی بەردەم وەزارەتی کارەبا، بەهۆی کێشەی کارەبا هەڵگیراو گواسترایەوە بۆ شوێنێکی دیکە.

 ATM بەو ئامێرە دەوترێت کە هاوبەشانی بانک، بەو کارتە تایبەتەی بۆیان دروستکراوە لەلایەن بانکەکەوە دەتوانن لێیەوە رابکێشن.

+964 دەزانێت، ATMـەکە هی بانکی (RT) بووە، بەڵام هاوبەشانی بەشێک لە بانکەکانی دیکەش لە هەولێر بۆیان هەبووە لێیەوە پارەی پێویستی لێ رابکێشن، لەوانە بانکی جیهان.

هاوبەشێكی بانکی جیهان بە +964ـی وت: چەند جارێک بۆ راکێشانی پارە چوومەتە ئەو ATMـە، کەچی بەردەوام کێشەی کارەبای هەبوو، ئەوەی زۆر بۆ من جێی سەرنج بوو ئەو ATMـە لەبەردەم وەزارەتی کارەبا بووە.

+964 پەیوەندی بە ژمارەی خزمەتگوزاری (RT) کرد، لابردنی ئامێرە ATMـەکەیان پشتڕاست کردەوە، بەڵام ئەوەیان رەت کردەوە لابردنەکە پەیوەندی بە نەبوونی کارەباوە بێت.

“ئامێرەکە کێشەی هەبوو، هەر بەو هۆیەوە لامان بردووە، رەنگە لەهەمان شوێن دایبنێینەوە، لەوانەشە شوێنەکەی بگۆڕین”.