33 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە

رێگای سەرەکیی گۆڕستانی زەڕایەن قیرتاو دەکرێت

بڕوا مەجید – شارەزوور

رێگای گۆڕستانی ناحیەی زەڕایەن بڕیاری قیرتاوکردنی بۆ دەرچووە، بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، لە ماوەی 90 رۆژدا کارەکانی تەواو دەکرێن.

پێشتر رێگایەکی ناخۆشی هەبوو، بە تایبەت لە زستاناندا کێشەی بۆ خاوەن مردووەکان دروست دەکرد، پڕۆژەکە 33 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کراوە.

ئاوارە حەمەشەریف، بەڕێوەبەری ناحیەی زەڕایەن بۆ 964 وتی، “ماوەی 90 رۆژ پێویستە بۆ تەواوکردنی رێگاکە، چونکە درێژییەکەی 250 مەترە و تێچووی پڕۆژەکە لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەدانکردنەوە و نێشتەجێکردنی سلێمانی دەبێت”. 

وتیشی، “پڕۆژەکە پێک هاتووە لە تێکەڵڕێژکردن و قیرتاوکردن، دوای تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە قیرتاوکردنی گوندی یەخشی نوێ و رێگای قەرەگۆلی سەروو دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە”.

گۆڕستانەکە دەکەوێتە بەشی خۆرئاوای ناحیەی زەڕایەن، هاوڵاتیانی قەزای شارەزوور و گوندەکانی دەوروبەری مردووەکانیان لەوێ دەنێژن.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد