له هه‌ولێر جووتێك قازی شامی گەیشتووەتە 250 هەزار دینار
كه سه‌رما هات قاز ده‌فڕێت
964+
شیراز عەبدوڵا – هه‌ولێر
بەهۆی هاتنی وەرزی زستان و ساردبوونی کەشوهەوا، له هه‌ولێر خواست لەسەر کڕینی قاز زیادى كردووه، بەراورد بە دوو هەفتەی رابردووش نرخه‌كه‌ى بۆ یه‌ك کیلۆ زیاتر لە سێ هەزار دیناری هاتووەتە سەر .
هۆڕمەگۆڕ و شامی و خۆمانە باوترین جۆرەکانی قازن لە بازاڕەکە و خواستی زیاتریان لەسەرە .
رۆژانی شەممە بازاڕی مریشکفرۆشان لەسەر شەقامی 30 مەتریی هەولێر، دەیان قەفەز قازی گوندەکانی دەوروبەری هەولێری بۆ دێت .
رزگار لوقمان، نزیکەی 30 ساڵە لەو بازاڕە كارى كڕین و فرۆشتنى قاز دەکات، بۆ 964 وتی، قاز خواستێکی زۆری لەسەرە، رۆژ هەبووە 30 قازی فرۆشتووە، بەڵام ده‌ڵێت “ئێستا رۆژانە نزیکەی 60 قاز دەفرۆشم”.
وتیشی “چێشتخانەش هەیە داواى قازى كردووه” .
محەمەد شەمسەدین، 15 ساڵە لەو مەیدانە قاز دەفرۆشێت، بە 964ـی وت “دوو هه‌فته لەمەوبەر قازی خۆمانە نرخی یەک کیلۆی لە نێوان هه‌شت بۆ نۆ هەزار دینار بوو، جوتێك قازی شامیش به 200 هەزار بوو، بەڵام ئێستا ئه‌و جۆتی بووه‌تە 250 هەزار دینار” .
پێداچوونه‌وه: فه‌رهاد حه‌سه‌ن