هەزار و 500 سیستمی پێویستە
بۆ چەسپاندنی سیستمی ئاودێری عێراق قەرز دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
بۆ چەسپاندنی سیستمی ئاودێری بۆ بووژاندنەوە و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ملیۆنێک دۆنم زەوی کشتوکاڵی، عێراق بەنیازە قەرزێکی دەرەکی بکات.
بۆ رزگاربوون لە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی، عێراق هانای بۆ سیستمی تەکنەلۆژیای ئاودێری بردووە.
ئەیاد کازم، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە ئاژانی هەواڵی عێراقی وتووە، قەرزەکە لە کۆمپانیایەکی نەمسایی دەکەن بۆ چەسپاندنی سیستمەکە.
دەشڵێت، “عێراق لە سەرەتای پڕۆسەی ئاودێریکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیدایە و سیستمێکی زۆر تەکنەلۆژیای ئاودێری پێویستە”.
بە پێی زانیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، عێراق هەزار و 500 سیستمی تەکنەلۆژیای ئاودێریی پێویستە و لە ئێستادا 150 سیستم بوونی هەیە.
هەنگاوی یەکەم بریتی دەبێت لە بەرهەمهێنانەوە لە ملیۆنێک دۆنم زەوی کشتوکاڵیدا بەو سیستمە و پاشان رێژەکە بۆ پێنج ملیۆن دۆنم زەوی بەرز دەکەنەوە.
ئەو سیستمە بە شێوەیەکی رێکخراو ئاو لە رووبار و بەنداوەکانەوە بەبێ هیچ بەفیڕۆچوونێک دەگەیەنێتە کێڵگە کشتوکاڵییەکان.