ئۆتۆمبیلێكی سیستمی غاز له‌ هه‌ولێر سووتا

964+
سه‌عید محه‌مه‌د – هه‌ولێر

ئۆئۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی تاکسی، له‌ به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی له‌دایكبوون و منداڵان له‌ هه‌ولێر گڕی گرت .

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29ـی كانوونی یه‌كه‌م، تاكسییه‌كی جۆری سه‌نی، بە هۆی ئەوەی سیستمی غازەکەی كێشه‌ی هه‌بووه‌ و غازی لێ چووە، گڕی گرت و شوفێرەکەش نه‌یزانیوه‌.


رووداوه‌كه‌ له‌ بەردەم نەخۆشخانەی لەدایکبوون و مندڵان له‌ هەولێر له‌ كاتژمێر 5:20 خوله‌ك روویداوه‌.

سەرکەوت کارەش، وتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر، بە 964+ـی راگەیاند: ئۆتۆمبێلەكه‌ سەرنشینێکی لەگەڵ بووە، بەڵام سوپاس بۆ خوا شوفێر و سەرنشینەکە سەلامەت دەرچوون، تیمی بەرگری شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد.

وتیشی: “تەواوی کوشنه‌كانی ئۆتۆمبێله‌كه‌ سووتاوە”.

ئه‌م ساڵ جگه‌ له‌ سووتانی ئۆتۆمبێل، ئه‌وانه‌ی به‌ سیستمی غاز كار ده‌كه‌ن، ده‌یان ئۆتۆمبێلی دیكه‌ش به‌ هۆی سووتانی فویل په‌مپ و كێشه‌ی خراپیی كوالێتیی به‌نزینه‌وه‌ سووتاون.