کارکردن بۆ دانانی گۆڕەرێکی نوێ بەردەوامە. فۆتۆ: کارەبای دهۆک.
گۆڕەری کارەبا تێکچووە
زیانی 1.5 ملیار دینار بەر وێستگەیەکی کارەبای دهۆک کەوتووە
964+
ژووری هەواڵ
بارانی چەند رۆژی رابردوو، زیانی یەک ملیار و 500 ملیۆن دیناری لە وێستگەی کارەبای رۆژئاوای دهۆک داوە، وەزارەتی کارەبا دەڵێت، بەو پارەیە گۆڕەرێکی نوێیان بۆ وێستگەکە کڕیوە.
شەوی دووشەممە لە رێکەوتی 20.11.2023، بارانی بەخوڕ لە دهۆک زیانی بە دوو وێستگەی کارەبا گەیاندووە، یەکێکیان چاککراوەتەوە و ئەوەی دیکە بەتەواوی لەکارکەوتووە و دوای دوو رۆژ هەوڵی تیمەکانی چاککردنەوە بێسود بووە، ناچار دانەیەکی نوێیان بۆ وێستگەکە کڕیوە کە نرخەکەی 1.5 ملیار دینارە.
عەبدولقادر بامەڕنی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کارەبای دهۆک بە 964ـی راگەیاند، هێشتا کارەکانی دانانی گۆڕەرە نوێیەکە تەواو نەبووە و کاریتێدا دەکرێت.
رۆژی دووشەممە کاتژمێر 12:30ـی شەو گۆڕەری ژمارە یەک لە وێستگەی کارەبای رۆژئاوا لەکارکەوتووە، دوای شەش کاتژمێر و نیو، گۆڕەری ژمارە دووی هەمان وێستگە کێشەی تێکەوتووە.
گۆڕەری ژمارە یەک هەمان شەو چاککراوەتەوە، بەڵام نەتوانراوە گۆڕەری ژمارە دوو چاکبکرێتەوە.