ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکردووە

پردێکی نێوان خورماتوو – سەڵاحەدین 10 ساڵە بە رووخاوی ماوەتەوە

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

ماوەی نزیکەی 10ساڵە پردی زەرگە لە سنووری دوزخورماتوو بە رووخاوی ماوەتەوە و بەردەوام ئاستەنگی هاتوچۆ دروستدەکات.

پردی زەرگە دوزخورماتوو بە پارێزگای سەڵاحەدین دەبەستێتەوە، لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لەساڵی 2014 تەقێندرایەوە، تاوەکو ئێستا چاک نەکراوەتەوە ئەمەش بووەتە هۆی ئاستەنگی هاتوچۆ لەو رێگایە.

شارەوانی دوزخورماتوو دوو ساڵ لەمەوپێش هەستا بەدروستکردنی جادەیەکی کاتی بەتەنیشت ئەو پردە ‌رووخاوەوە، بۆ ئەوەی شۆفێران لەو رێگەیەوە هاتوچۆ بکەن، بەڵام ئەمە نەبووە چارەسەر و لەکاتی باران باریندا ئەو جادەیە نوقمی ئاو دەبێت و بەهۆی لافاووە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاتوچۆکارانی ئەو رێگایە دروست دەکات.

حەسەن زەینەلعابدین قایمقامی خورماتوو بە 964ـی وت، تائێستا دەیان نوسراویان لەرێگەی ئیدارەی قەزاکە و شارەوانییەوە ئاراستەی بەغدا کردووە بۆ چاککردنەوەی ئەو پردە، بەڵام تائێستا تەنیا بەڵێنی بێ کرداریان پێدراوە.

وتیشی، چاککردنەوەی ئەو رێگایە پێویستی بە پارەیەکی زۆرە و لە توانای ئەواندا نییە.

پردی زەرگە بەدووری 20 کیلۆ مەتر دەکەوێتە خۆرئاوای قەزای دوزخورماتوو، هەردوو قەزای خورماتوو و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی پارێزگای سەڵاحەدین بەیەک دەبەستێتەوە.

بەپێی زانیاریەکانی 964 تێچووی چاککردنی ئەو پردەی سنووری خورماتوو نزیکەی 25 ملیار دیناری پێویستە. لەئێستاشدا بەشێک لەشۆفێران بە ناچاری لەرێگای کەرکوکەوە دەچنە پارێزگای سەڵاحەدین ئەمەش بەراورد بەو رێگەیەی خۆیان زیاتر لە دوو کاتژمێر جیاوازی هەیە لەگەشتنیان.

پێداچوونەوە: توانا نەقی