پێشینەی خانووبەرە لە عێراق هەیە و لێرە نییە
964+
توانا نەقی – هەولێر
بانکی خانووبەرەی عێراق بەردەوامە لە پێدانی پێشینەی خانووبەرە بە فەرمانبەران و هاوڵاتیان لە رێگەی بانکەکانیەوە، لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 10 ساڵە هیچ پێشینەیەک نەدراوە.
کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964+ی وت، لە عێراق بانکی خانووبەرە لە رێگەی بانکەکانییەوە بەردەوامە لە پێدانی پێشینەی خانووبەرە بە هاوڵاتیان، بەپێی داواکاری خۆیان پارەکەیان پێدەدرێت تاوەکو 150 ملیۆن دینار دەتوانن وەربگرن.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکی خانووبەرەی عێراق قسەیان کردووە کە پارە بۆ پارێزگاکانی هەرێم دابینکراوە، بە بڕی 90 ملیار دینار، بەڵام تاوەکو ئێستا رێنمایی خەرجکردنەکەی نەدراوە، بەشێک لە هۆکارەکەی بۆ نەبوونی بانکی عێراقی لە کوردستان دەگەڕێتەوە.
964+ دەزانێت لە هەرێمی کوردستان تەنیا بانکی بازرگانی هەیە و لقی هیچ بانکێکی حکومی وەک بانکی رافیدەین بوونی نییە.
کاروان یاروەیس، ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق چونکە لە رێگەی کەفیلەوە پارەکە دەدات بە هاوڵاتیان، متمانەی بە موچەخۆرانی هەرێم نییە بەهۆی ئەوەی موچەکانیان لەسەر بەغداد نییە و تاوەکو لەسەر بودجە ومەلەفی نەوت رێک نەکەون، ناتوانن هیچ بڕە پارەیەک بدەن وەکو پێشینە.
بانکی خانووبەرەی عێراق نەک تەنیا بۆ خانووی ئاسایی، بەڵکو لەگەڵ بەشێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوونیش رێککەوتووە، کە ئەو پێشەکەییەی دەبێت هاوڵاتی بیدات بانکەکە بۆیان دەدات وەکو پێشینە.