20 قوتابخانە پێویستیانە

پەروەردەی شاربژێڕ بایکۆتی بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی قۆستووەتەوە

پێشەوا محەمەد

پەروەردەی شارباژێر بایکۆتی پڕۆسەی خوێندنی ساڵی نوێی لە لایەن مامۆستایانەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی قۆستووەتەوە.

964 زانیویەتی، ئێستا کارکردن لە پێنج قوتابخانەی سنوورەکەدا هەیە و نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنیان بۆ دەکرێت.

لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ بە 964ـی راگەیاند، بودجەی نۆژەنکردنەوەکان لە لایەن وەزارەتی دارایی، وەزارەتی پەروەردە، پەروەردەی گشتیی سلێمانی و دانیشتووانی گوندەکانەوە دابین کراوە.

وتیشی، “ئێمە هەمیشە لە هەوڵداین ئەوەی لە توانامان بێت کەموکورتیی قوتابخانەکان نەهێڵین و بینایەکی رێکوپێک بۆ خوێندنی قوتابیان دابین بکەین”.

لە سنووری پەروەردەی شارباژێڕ 99 قوتابخانە بوونیان هەیە و 20یان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە.

“قوتابخانەکان بەشێکیان پێویستیان بە فراوانکردنە، هەندێکیان زۆر کۆن بوون و پێویستیان بە دروستکردنەوەیە، هەندێکیان دیوار و سەقفەکەی درزیان بردووە و دەبێت چاک بکرێت”، ئەوەش قسەی لەتیف حوسێنە.