"تێچووەکەی کێشەیە"

وەزیری سامانە سروشتییەکان: تا کۆتایی ئەمساڵ نەوتی هەرێم هەناردە دەکرێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، پێشبینییان ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم بکرێتەوە.

کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم بە وەکالەت، ئەو قسەیەی ئەمڕۆ سێشەممە 21.11.2023 لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە شاری دهۆک بەڕێوەچوو، وتووە.

هەروەها وتی، “تورکیا و عێراق ئامادەیی خۆیان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەربڕیوە، تاکە کێشەی بەردەم دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکە، تێچووی دەر‌هێنان و بەرهەمهێنانی نەوتە  و کار بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش دەکرێت”.

وەزیری سامانە سروشتییەکان روونیشی کردووەتەوە، کۆتایی ئەم مانگە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ بەرپرسانی عێراق سەردانی بەغدا دەکات.

هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە 25.3.2023ـی لەسەر بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لە ئەنجامی سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا راگیراوە. سەرەڕای کۆبوونەوەی زۆر و هه‌مه‌لایه‌ن لە ئاستی باڵا لە نێوان بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و تورکیا، هه‌نارده‌كردنه‌كه‌ دەستی پێنەکردووەتەوە.

بە پێی زانیارییەکانی وەزیری سامانە سروشتییەکان بێت، راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم زیانی زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری لە ئابووریی عێراق داوە.

بۆچی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێناکاتەوە؟

بۆچی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێناکاتەوە؟