پەیوەندی بە ژمارە 100 بکەن

شارەوانی سلێمانی: ئاستەنگی هاتوچۆ و کۆبوونەوەی ئاو دروست نەبووە

ئەحمەد مستەفا

شەپۆلی باران بارینە بەخوڕەکە، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە سلێمانی دەستیپێکرد، شارەوانی سلێمانی لەسەر چوار ئاست تیمی ئامادەکردووە، تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵەش “ئاستەنگی و کۆبوونەوەی ئاو دروست نەبووە”.

تیمەکان داوایان لە هاوڵاتیان کردووە لە رێگەی پەیوەندیکرد بە ژمارە 100 داوای فریاکەوتنی خێرا بکەبن، لە کۆبوونەوەی ئاو، لافاو، پێویست بوون بە بەرگری شارستانی یان ئۆتۆمبیلی فریاکەوتن، کە روودای نەخوازراو روویدا.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 20.11.2023 بە 964ی وت، “تائێستا هیچ حاڵەتێکی نەخوازراوی کۆبوونەوەی ئاو یان لافاو و رووداوی نەخوازراو لە سلێمانی رووینەداوە”، ئەگەرچی ئێمە لەرێگەی سەنتەری هەمانگی خێرا (JCC) هێڵی گەرممان هەیە و هاوڵاتیانیش دەتوانن پەیوەندیمان پێوە بکەن.

لە بارەی ئەو تیمانەی ئامادەکراون، وتەبێژەکەی شارەوانی سلێمانی ئەمەی وت، “تیمەکان بەسەر هەریەک لە بەشی خزمەتگوزاری، بەشی ئاوەڕۆ، بەشی چاکسازی و ئامێرەکان دابەش بوون و ئامادەییان هەیە، لە روودانی حاڵەتی نەخوازراودا بە هانای خەڵک، لە ماڵ و شەقامەکان بچن”.