هۆکار چییە؟
بنگرد و 45 گوندەکەی بنکەی ئاگرکوژێنەوەیان نییە
964+
بەرزان عوسمان – دوکان
ناحیەی بنگرد لە سنووری قەزای دوکان زیاتر لە 86 ساڵە ناحیەیە، رووبەرێکی فراوانی کشتوکاڵی ھەیە، زیاتر لە 45 گوند لەخۆ دەگرێ، بەڵام تائێستا بنکەی ئاگرکوژێنەوەی نییە.
لە کاتی کەوتنەوەی ئاگر لەو سنوورە دەبێت ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە لە قەزای رانیە یاخود قەزای دوکانەوە بێت، کە ئەوەش کاتێکی زۆری پێدەچێت و دەبێتە ھۆی زۆربوونی قەبارەی زیانەکانی ئاگرەکە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19.11.2023، ساڵح محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد بە 964ی وت، “چەندین جار نووسراومان کردووە و بەدواداچوونمان کردووە، بۆ کردنەوەی بنکەی ئاگرکوژێنەوە لە ناحیەکەمان، بەڵام تائێستا نەتوانراوە بکرێتەوە کە پێویستیەکی زۆری ناحیەکەمانە”.
24 کاتژمێرە ئاگر لە ناحیەی بنگرد کەوتووەتەوە
بە وتەی بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد بێت، “پێیان وتوون، بەھۆی قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان و نەبوونی دامەزراندن لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا بنکەکەیان بۆ نەکراوەتەوە”.
ناحیەی بنگرد، رووبەرەکەی 59 هەزار و 859 کیلۆمەتر دووجایە، کە زۆربەی پوش و پاوانە و رووبەری دارستانی 75 دۆنم و 351 مەترە، دانیشتووانەکەی زیاترە لە نۆ ھەزار کەس و لە 36% سنوری قەزای دوکان پێکدەھێنێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا