2023 بە خۆپیشاندانی تەکنەلۆژی دەستپێدەکات

+964
بڵند عوسمان – هەولێر

هەفتەی داهاتوو لە ئەمریکا یەکێک لە گەورەترین پێشانگاکانی تەکنەلۆژی بە ناوی CES بەڕێوەدەچێت، بە بەشداری زیاد لە دوو هەزار و 800 کۆمپانیا لە وڵاتانی جیا جیاوە.

گرنگی ئەم پێشانگا تەکنەلۆژیە لە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک کۆمپانیای جیهانیە، کە داهێنانە نوێکانیان بۆ ساڵی نوێ و داهاتوو دەخەنەڕوو و دەیناسێنن، لە ناویاندا کۆمپانیاکانی وەکو سامسۆنگ، گوگڵ، مایکرۆسۆفت و سۆنی هەن.

پێشەنگاکە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، کە لە شاری ڤێگاسی سەر بە ویلایەتی نیڤادەی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، رێکخەرانی پێشانگاکە خۆیان ئامادەکردووە بۆ پێشوازیکردن لە 100 هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهان.

CES پێشانگایەکی تەکنەلۆژیی ساڵانەیە، یەکەم جار لە ساڵی 1967 لە شاری نیویۆرکی ئەمریکا بەڕێوەچوو.