وەستاکە دایکیانە؛ خێزانێکی پێنج کەسی چێشتخانەیەک بەڕێوە دەبەن

964+
ئاودێر عومەر – سلێمانی
ڤیدیۆ

وەک دەزانرێت لە بازاڕەکانی سلێمانی چێشتخانەی زۆر هەیە، بەڵام جیاواز لەوان لە ناوجەرگەی بازاڕی خانەقا چێشتخانەیەک هەیە کە خێزانێکی پێنج کەسی بەڕێوەی دەبەن و وەستاکەیان دایکیانە.

ئەو خێزانە پێکهاتوون دایکێک و باوکێک و کوڕێک و دووخوشک.

مینا خاتوون، دایکی خێزانەکەیە و وەستای چێشتخانەکەشە واتا سەرۆکی گروپەکەیە بەم شێوەیە باسی لە چێشتخانەکە دەکات بۆمان دەڵێت، “سەرەتا لە ماڵەوە خەریکی دروستکردنی شیرینی و خواردنی سەروپێ و یاپراخ بووم واتا دۆڵمە، لە ماڵەوە لەسەر داواکاری خەڵک دروستم دەکرد بە دلیڤەری، دواجار بەهۆی خراپی باری داراییمانەوە، بە راوێژێکی خێزانی لە ساڵی 2019 بڕیارماندا ئەم شوێنە بکەینەوە زیاتر پەرە بە کارەکانمان بدەین”.

لەو چێشتخانە خێزانیەدا، رۆژانە نانی بەیانی و نیوەڕۆ بۆ هاوڵاتیان ئامادەکراوە بەپێی جەوی گەرما و سەرما خواردنەکانی خاتوو مینا گۆڕانکارییان بەسەردێت، لەم جەوەی ئێستادا سەروپێ و کفتە و گەنمەکوتا و زۆربەی خواردنە کوردەوارییەکانی هەیە.

کرمانج عەتا، کوڕە تاقانەی خێزانەکەیە و لەکاتی چێشت لێناندا بەردەستی وەستا مینای دایکی دەکات ئەو دەڵێت، “بەشێوەیەک کاردەکەین ئێرە وەک ماڵەوە وایە، قسە و گفتوگۆکانمان بەدەم کارکردنەوە دەکەین و زۆر ئیسراحەتین، من و باوکم کەرەستەکانی رۆژانەی چێشتخانە ئامادە دەکەین و خوشکەکانیشم قاپ شۆردن و چاککردنی کەرەستەکان دەگرنەئەستۆ”.

کرمانج وتی، رۆژانە لە کارکردندا قسەی خۆش و سوعبەت و توڕەبوونیشی تێدەکەوێت، بەڵام فەرقی زۆرە لەگەڵ شوێنێکی دیکەدا، ئێمە لەگەڵ دایک و باوک و خوشک و برا کاردەکەن لێرە.