تا ئیستا نەزانراوە شتی وای هەیە
ئەو دوو چەکە چین ئیسرائیل بەکاریان دەهێنێت؟
عادل کانەبی
بۆ یەکەمجار ئیسرائیل لە شەڕەکەیدا لەگەڵ حەماس جۆرە چەکێک بەکاردەهێنێت کە پێشتر نەزانراوە شتی وای هەیە.
چەکی بوومەلەرزەیی و چەکی ئیسفنجی ئەو دوو چەکە نوێیەن کە ئیسرائیل گرەویان لەسەر دەکات.
ئەو شەڕەی لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا بەڕێوەدەچێت هیچ هاوسەنگی تێدا نییە، یەکێک لە زەبەلاحترین هێزەکانی دونیا دژی گروپێک شەڕ دەکات کە نە لەرووی توانای مرۆیی نە لەرووی چەک و تەقەمەنییەوە بەراورد ناکرێن.
ئیسرائیل لە پلەی هەژدەهەمینی سوپاکانی جیهاندایە، 646 هەزار سەربازی هەیە، ئەو هێزە مرۆییە پاڵپشتە بە 601 فڕۆکی جەنگی و 220 تانک و زرێپۆشی هەیە
بۆمبی ئیسفنجی نە ئاگری تێدایە نە بارووت و تی ئێن تی، بەڵکو لە مادەیەکی کیمیایی تایبەت دروست بووە، هەر کە ئامانجەکەی پێکا یەکسەر وەک فووم هەڵدەکفێت، ئەمە بۆ ئەوەیە دەروازەی تونێلەکان دابخات و چەکدارانی حەماس رێی دەربازبوونیان نەمێنێت.
موشەکی بوومەلەرزەیی چەكێكی دیکەیە، ئەمەیان لە بەرزییەکی زۆرەوە فڕێ دەدرێت و دەگاتە قوڵایی زەوی ئینجا دەتەقێتەوە، ئەمەشیان هەر بۆ تونێلەکانە، هەرچی لەناو تونێلدایە بە سەر یەکدا تێک و پێکی دەشکێنێت، بەڵام گوڕەکەی ئەوەندە زۆرە لەسەر زەویش زەمینلەرزە دروست دەکات.