لە سێ وێستگە دەستپێدەکەنەوە

مینی پاسەکانی ئاکرێ لە دووشەممەوە بەردەست دەبن

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لە ئاکرێ دووبارە هێڵی مینی پاسەکانی ناوخۆیی قەزاکە دەستبەکار دەکەنەوە و سەرنشینان دەتوانن تەنیا بە بڕی 500 دینار هاتوچۆ بکەن.

لە دووشەممەی داهاتووەوە 20.11.2023، 21 مینی پاس لە سێ وێستگەی ناوەندی ئاکرێ دەستبەکاری هاتوچۆ دەکەنەوە و هاوڵاتیان دەتوانن ئیتر ئەو مینی پاسانە بەکاربهێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16.11.2023، شێرزاد حسۆ، سەرۆکی سەندیکای کرێکاران لە ئاکرێ بە 964ی وت، “هێڵی هاتوچۆی مینی پاسەکان لە ساڵی 2009 لە ئاکرێ دانرا و تا ساڵی 2015 کاری پێدەکرا، بەڵام ئەوکات قەزای ئاکرێ بەم گەورەییەی ئێستا نەبوو، وە قەیرانی دارایی زیاتر کاریگەری دانا لەسەر پرۆژەکە و بۆیە راگیرا”.

زانیاری نوێ لەسەر برینداربوونی 11 قوتابیەکەی ئاکرێ

زانیاری نوێ لەسەر برینداربوونی 11 قوتابیەکەی ئاکرێ

بەوتەی ئەو بێت، دوای بەدواداچوونی دۆخی ئێستا قەزاکە و نەبوونی موچە و دۆخی سەختی هاوڵاتیان، بریاریاندا دووبارە هێڵی مینی پاسەکان، بکەونەوە کار، هەروەک نوسراوێکیان ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتی گواستنەوەی ئاکرێ کرد و رەزامەندیی ئەوانیشی وەرگرتووە.

سەرۆکی سەندیکای کرێکارانی ئاکرێ ئەوەشی وت، “لە هەرسێ وێستگەی، “بەر دەرگای قشڵەی ئاکرێ، 11ی ئەیلول، سیسنای کۆچینە مینی پاسەکان لە رۆژی دووشەممەی ئایندە بۆ هاوڵاتیان بەردەست دەبن”.

تۆڕی 964 زانیویەتی، ئەم بڕیارە نوێیە بۆ ماوەی 10 هەفتە، وەکو تێست کاری پێدەکرێت، ئەگەر خەڵکی ئاکرێ خواستی لەسەر هەبوو، ئەوە وێستگەی زیاتر دادەنرێت، وەک وێستگەکانی، “ئاکرێ – دینارتە”،  “ئاکرێ – بجیل”، “ئاکرێ – گردەسێن” و هەموو گوند و ناحیەکانی تر.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا