بەدواداچوون؛ گەشتیارەکان وا تێگەیشتوون سەرچنار هەمووی داخراوە

+964+

ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

وێنە

لە سلێمانی بە بڕیاری سەرۆکی یەکێتی نزیکەی 30 باڕ و جێگەی خواردنەوەی کهولی داخراون کە لە بەشێکیاندا کاری “لەشفرۆشیش کراوە”، بەشێک لەو باڕانەی داخراون جیاواز لە بازاڕی سەرچنار، دەکەونە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی. ئێستا لە سەرچنار نزیکەی حەوت باڕ و رێستۆرانت ماونەتەوە کە سەرجەمیان جێگای خێزانین.

پەیامنێری +964 لە سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی کانوونی یەکەمی 2022، بەدواداچونێکی مەیدانی کرد و چووە سەرچنار، دەرکەوت زۆربەی خاوەن هۆتێل، کافتریا، چێشتخانەکان و ئەوانەشی کاسبییەکەیان لەوێیە بازاڕیان سست بووە.

محەمەد کە خاوەن تاکسییە لە بازاڕی سەرچنار، دەڵێت، “ئەمڕۆ لە کاتژمێر 7ی بەیانییەوە هاتوومەتە دەرەوە، ئێستا کە کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆیە بایی یەک دنیار داخلیم بە تاکسییەکەم نەکردووە”.

تەنیا محەمەد نییە کە پاش داخستنی یانەشەوانەکان و باڕەکانی سەرچنار رووبەرووی ئەو دۆخە بووەتەوە، بەڵکو خاوەن هۆتێل، کافتریا و چێشتخانەکان ئاهو و ناڵەیانە.

سێ سیناریۆ بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی ئەو یانە و باڕانە خراونەتەڕوو

گەشتوگوزاری سلێمانی هیچ قسەیەک لەسەر دۆخەکە ناکات، بەپێی سۆراغی 964+، بەشێک لە خاوەن کارەکانی سەرچنار نیگەرانییان هەیە لەوەی، داوای رێکخستنی یانە و باڕەکانیان کردبوو لە گەشتوگوزاری شارەکە، بەڵام بە داخران لەلایەن حیزبەوە وەڵام دراونەتەوە.

964+ زانیویەتی، سێ سیناریۆ بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی ئەو یانە و باڕانە خراونەتەڕوو، یەکەم، “رێکخستن و سەپاندنی باجی دوو هێندە”. دووەم، “لێوەرگرتنەوەی یانە شەوانەکان لە خاوەنەکانیان”، سێیەم، “دروستکردنی کابینەی نوێ لە گەڕەکی راپەڕین و کۆکردنەوەی سەرجەم یانە شەوانەکان لەیەک رووبەردا”.

بوونی ئەو یانە و باڕانە، جوڵەی زیاتری خستبووە بازاڕ و ناوچە گەشتیاری و هۆتێلەکانی سەرچنار، بەڵام ئێستا دۆخەکە وێنەیەکی دیکەی هەیە.

سەرنشین وەک پێشتر نەماوە و لەباتی ئەوە سەرقاڵی دۆمینەکردنن

محەمەدی خاوەن تاکسی و هاوڕێکانی لە سوچێکی بازاڕی سەرچناردا بەدەم دۆمینەکردنەوە، نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لەوەی سەرنشین وەک پێشتر نەماوە و لەباتی ئەوە سەرقاڵی دۆمینەکردنن.

لەو دۆخەی سەرچناردا زیاتر چێشتخانەکان و تاکسی و هۆتێلەکا زەرەرمەند بوون، بژێوی ئەوان لەسەر ئەو کەسانە بوو کە بۆ گەشتکردن و حەوانەوە روویان لە ناوچەکە دەکرد، پێشتر تاکسییەکان و بەشێک لە خاوەن چێشتخانەکان تا کاتژمێر 6ی بەیانی کاریان کردووە، ئێستا تا کاتژمێر 12ی شەو کاردەکەن.

سۆران عەلی، کە یەکێکە لە شاگردەکانی کەبابخانەی سەرچنار بە 964+ی وت، “ئێمە لێرە نۆ شاگردین، خاوەن چێشتخانەکە پێی وتووین بیکەن بە دوو وەجبە و رۆژ نا رۆژێک وەرن بۆ سەر کار، ئەگەر وانەکەن ناچارم بەشێک لە کارمەندەکان دەربکەم، بازاڕمان بەراستی سفر بووە”.

“ئەوە نەبێت ئێمە بازاڕمان لەسەر ئەوانەبێت کە هاتوون لێرە راببوێرن، بەڵکو زۆرجار گەشتیاری عەرەب بە پلەی یەک هاتوون سەردانی سەرچنار بکەن و شوێنەکانی ببینن، بەڵام ئێستا لەم رووەوە ئێمە لە سفراین،” سۆران عەلی وای وت.

بڕیارەکە تێگەیشتنێکی وای لای هاوڵاتی عەرەب و گەشتیاران دروستکردووە، کە سەرجەمی ناوچە گەشتیارییەکان داخراون

فرۆشیار و کاسبکارانی ئێرە لەسەر ئەوە کۆکن، کە بڕیارەکە تێگەشتنێکی وای لای هاوڵاتی عەرەب و گەشتیاران  دروستکردووە، کە سەرجەمی ناوچە گەشتیارییەکان داخراون، سۆران دەڵێت، ” خەڵک و گەشتیار دێن لێمان دەپرسن ئەوە بۆ وا چۆڵە، ئەوانەی دێنە ئێرە رەنگە ئێستا بازاڕی سلێمانییان جوڵاندبێت، ئیتر ئەوانیش رووبکەنە هەولێر و ناوچەکانی دیکە، ئەمە بە زیان دەشکێتەوە بۆ بازاڕی سلێمانی، وەک چێشتخانەکەی خۆمان %65  فەرقی کردووە و هەست بەوە دەکەین کڕیارمان کەمی کردووە”.

 لەناو بەشێک لە یانە شەوانە و باڕەکاندا، مامەڵەی لەشفرۆشی کراوە، کە ژنی بە رەگەز کورد، عەرەب، فارس، تورک، روسی و چینی بوون، ئێستا کە ئەم وێنەیە قوفڵی لێدراوە، دەرفەتی رەخساندووە چین و توێژەکان و برتایبەت خێزانەکان روبکەنە ناوچە گەشتیارییەکانی سەرچنار، بەڵام ئەمە چارەسەری دەردی کاسبکار و خاوەنکارەکانی نەکردووە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی نوێ، پشوو راگەیەندراوە و کات کاتی گەشتکردنە، ئەمساڵ زیاتر لە 13 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی، بەڵام بەراورد بە رابردوو ئەم رێژەیە کەمیکردووە، خاوەن مۆتێلی نەجەف، کە مۆتێلەکەی 40 ژووری تێدایە و دەکەوێتە چەقی بازاڕی سەرچنار، تەنیا دوو ژوویان گەشتیاری تێدایە، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی مۆتێلەکە بە 964+ی وت، “ئەم دۆخە کارێکی بەسەرهێناوین کە پەشیمان بینەوە لەم کارەی دەستمان داوەتێ، هیچ ساڵێک گەشتیار بەم رادەیەی ئێستا کەمینەکردووە.”

ئەو وتی، “گەشتوگوزاری شارەکە هەموو ساڵێک مۆڵەتمان پێ نوێ دەکاتەوە و باج دەدەین و مەسروفاتی ئێستامان زۆر سەختە، سەرەڕای ئەوەش بە بڕیارێک گەشتیار لە سەرچناردا کەمکراوەتەوە، کە دەبوو لە جێگەی ئەوە رێکبخرێن ئەگینا یانەکان هیچ گرنتی نین لەنێو ماڵ و کۆڵانەکاند دەست بە کاری خۆیان نەکەنەوە”.

تەنیا ئەم سەرپەرشتیارەی مۆتێل نەجەف نییە کە نیگەرانە، بەکرعومەر، یەکێکە لە خاوەن کۆمەڵگە گەشتیارییەکانی سەرچنار و نزیکەی سێ کەسێک لە کۆمەڵگەکەیدا دانیشتبوون ئەو بە 964+ی وت، “10 ساڵە خەڵک و بەتایبەت گەشتیارانی عەرەب، لەبەر ئەم باڕ و یانە شەوانە دەهاتنە سەرچنار، ئێستا نەک هاوڵاتی عەرەب هیچ گروپێکی گەشتیاریش نەهاتوون”.

“من ئەمە 12 ساڵە لەم ناوچەیە کار دەکەم، ئەم دۆخەی ئێستای سەرچنار لەسەدا 80 کاریگەری لەسەر هەموو کەرتەکانی سەرچنار کردووە، کە سەرجەم کافتریا و تاکسی و مۆتێل و چێشتخانەکان تووشی بوون،” بەکر عومەر وای وت