لەگەڵ دۆلار نرخی بەنزینیش بەرزبووەوە

964+
دیلان محەمەد – سلێمانی

بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، نرخی بەنزینیش بەرزبووەوە، بە جۆرێک نۆرماڵ 50 دینار، موحەسەن و سوپەر 25 دیناریان چووەتە سەر.

شێخ بەھمەن قادر سەرۆکی کۆمەڵەی بەنزینخانەکان بە 964+ی راگەیاند، ھۆکاری گرانی بەنزین دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نزیکەی مانگێکە کێشەی کەمیی بەنزین ھەیە، بەڵام بەنزینی خەزنکراو ھەبووە و توانراوە بەردەوامی پێبدرێت، لە خوارووی عێراقەوە بازرگانی بەرەو هەرێم نەماوە.

ئەوەی خستەڕوو، بازرگانەکان لە چەند مانگی رابردوو بەنزینیان کڕی و بە باخیرە ھێنایان سەرجەمیان زەرەرمەند بوون.

وتیشی، “بەرز و نزمی نرخی دۆلار وایکردووە بازاڕ ناجێگیر بێت، ئەوەش ترس دروست دەکات و بازرگانەکان ناتوانن ئەو سەر کێشیە بکەن، لەبەر ئەوەی نازاندرێت نرخی دۆلار بە کوێ دەگات.

باسی لەوەکرد، ئەو بەنزینەی بازرگانەکان ھێنابوویان فرۆشرا و لە ئێستادا بازاڕ متمانەی نییە و ناتوانن بڕۆن بەنزین بھێنن، لە سەرووی ھەموو ئەو کێشانەوە بەرزی دۆلار کاریگەری ھەیە، لەبەرئەوەی کڕینی سوتەمەنی بە دۆلارە و بە دینار دەفرۆشرێتەوە.

ئەو کۆمەڵەیە بۆ بەردەوامیدان بە کارەکەیان بڕیاریانداوە 50 دینار بۆ بەنزینی نۆرماڵ و 25 دینار بۆ بەنزینی موحەسەن و سوپەر زیاد بکەن، بەڵام گازوایل کێشەی نییە لەبەرئەوەی کەمێک بەرھەمی ناوخۆ ھەیە.