لە ماوەی 72 کاتژمێردا

سەرجەم دوکانەکانی مەیفرۆشتن لە سەڵاحەدین دادەخرێت

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

سەرجەم دوکانەکانی مەیفرۆشتن لە پارێزگای سەڵاحەدین و قەزاو ناحیەکانی دەبێت لە ماوەی 72 کاتژمێردا دابخرێت، ئەمە بە بڕیاری پارێزگار دەبێت.

دوێنێ سێشەممە، پارێزگاری سەڵاحەدین بە وەکالەت بڕیاری داخستنی سەرجەم دوکانەکانی مەیفرۆشتنی لە تەواوی پارێزگای سەڵاحەدین دەرکرد، هەرکەسێکیش سەرپێچی بکات سزای یاسایی دەدرێت.

کاوە شێخانی راوێژکاری ئەمنی و سەربازی پارێزگاری سەڵاحەدین بە 964ـی وت، سەرجەم دوکانەکانی مەیفرۆشتن لەو پارێزگایە مۆڵەتی فەرمیان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا رێگەپێدراونین لەلایەن دەستەی گەشتوگوزارەوە.

وتیشی، دەبێت لەماوەی 72 کاتژمێردا واتە سێ رۆژ سەرجەمیان دابخرێن و ئەگەر نەیکەن سزا دەدرێن.

ئەو راوێژکارەی پارێزگاری سەڵاحەدین ئاماژەی بەوەشکرد، لە رووی کۆمەڵەیەتییەوە هاوڵاتیانی پارێزگاکە بە چاوێکی دیکەوە سەیری ئەو دووکانانە دەکەن و بەشی زۆریان خۆشحاڵ نین بە بوونی ئەو دوکانانە، هەرکاتیش مۆڵەتیان دەرکرد ئەو کاتە بڕیارێکی دیکە دەدەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی