دیمەنی دوو لەوبارهەڵگرانەی کە کەلوپەلەکانیان دەستیانبەسەردا گیراوە. وێنە. دەروازەی ئیبراهیم خەلیل
لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل
حەوت هەزار تۆن کەلوپەل لەناوبران
توانا نەقی
لە ماوەی چوار مانگدا زیاتر لە حەوت هەزار تۆن کەلوپەل لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە بەهۆی دەرنەچوونیان لە تاقیگەکان گەڕێندراونەتەوە و لە ناوبراون.
ئەمڕۆ سێشەممە، دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بڵاویکردەوە، لە رێکەوتی 1.7.2023 تا 31.10.2023 بڕی 7252 تۆن کەرەستەی جۆراو جۆر لە تاقیگە و لیژنە پەیوەندیدارەکان پەسەند نەکراون و گەڕێندراونەتەوە و بەشێکیشیان لەناوبراون.
دەروازەکە دەشڵێت، ئەو کەرەستانە لە گەڵ رێنماییەکانی حکومەتی هەرێم نەگونجاوەن، زۆربەیان پێکهاتوون لە کەلوپەلی کۆزماتیک و تەندروستی و خواردن و خواردنەوە.
هەروەها کەلوپەلی دیکەشی تیادابووە وەک کەرەستەی ڤێتێرنەری و کشتوکاڵ و بیناسازی هەندێک شمەکی دیکە.
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل ئاماژەی بەوەکردووە، بەشێک لە کەلوپەلاکانیان ناردووەتەوە بۆ ئەو جێگەیەی لێوەی هاتووە و بەشێکیشیان بە تەواوەتی لەناوبردووە.