خزمەتگوزاری دەبرێتە ناوچە شاخاویەکان

پەرە بە گەشتگوزاری زستانە دەدرێت

پێشەوا محەمەد

دەستەی گەشتگوزار پەرە بە گەشتوگوزاری زستانە دەدات و دەیەوێت خزمەتگوزاری بگەیەنێتە هەموو ئەو ناوچە شاخاوییانەی لەو بووارەدا بەکاردەهێندرێن.

دەستەکە پلانێکی هەشت ساڵەی هەیە و تێیدا 15 جۆری گەشتیاریی تێدا جێکراوەتەوە، یەکێک لەوانە راکێشانی گەشتیارە لە وەرزی زستاندا بۆ ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان.

“سەرچاوەی باشی گەشتوگوزاری زستانە لە هەرێمی کوردستان هەن و ئێستا بەشێکیان گەشتیاریان بۆ دەچێت”، ئەوە قسەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمە بۆ 964.

دەشڵێت، دەستەکە کار دەکات خزمەتگوزاری بگەیەنێتە ئەو ناوچانەی دیکەی بۆ گەشتوگوزاری زستانە دەگونجێن و بۆ ئەوەی گەشتیار بتوانێت سەردانیان بکات.

ساڵی رابردوو شەش ملیۆن گەشتیار هاتبوونە هەرێم و شەش مانگی ئەمساڵیش نزیکەی پێنج ملیۆن گەشتیار هاتبوونە کوردستان، دەستەی گەشتوگوزار چاوی لەوەیە رێژەی گەشتیاری ئەمساڵ هەشت ملیۆن کەس تێبپەڕێنێت.