دیمەنی پەنگخوارنەوەی ئاو لە بەحرکە رۆژی 3.11.2023. وێنە: 964+
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر وا دەڵێت
“ئاوەڕۆ لە هەولێر تەنیا بۆ 15 ملیم باران دروستکراوە”
964+
فەهمی نەبی
بارانی 10 رۆژ لەمەوبەری هەولێر، هەموو بەڕێوەبەرایەتیەکانی شارەوانی سەرقاڵ کردووە، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دەڵێت، هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە دووبارە نەبێتەوە.
رۆژی 3.11.2023 لەهەولێر بارانێکی بەخوڕ باری، دواتر کەشناسی رایگەیاند لەماوەی چەند کاتژمێرێک 28 ملیم باران باریووە، بەڵام زەردەشت عەبدولخاڵق سەرسام بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بۆ 964 دەڵێت، لە سنوری هەولێر تەنیا ئاوەڕۆی باران هەیە و پێشووتر کە دروستکراوە هەتا بەشی 15 ملیم باران بەرگە دەگرێت لەوە زیاتر بێت ئاو کۆدەبێتەوە.
ئەوەش دەڵێت، وەک هەنگاوی یەکەم بەچڕی دەستکراوە بە خاوێنکردنەوەی چەپەر و مەنهۆڵەکان.
بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاری ژینگەپارێز دەڵێن، “ئەم شوێنانەمان دەستنیشانکردووە کە باران لێی کۆدەبێتەوە، بنەسڵاوە، دارەتوو، بەحرکە، شاوێس و شەقامی 100 مەتری نزیک نەخۆشخانەی رۆژئاوا”.
بەوتەی زەردەشت عەبدولخاڵق سەرسام، سەرجەمی ئەو شوێنانە بۆ چاککردن بەپەلە کاریان لێ دەکرێت، لە دارەتوو رێڕەوی ئەو ئاوە سروشتیانەی لە کەندەکانەوە بەرەو دارەتوو دێن گۆڕدراون.
دوای بارانە بەخوڕەکەی رۆژی 3ی ئەم مانگە، دوو رۆژ دواتر حکومەتی هەرێم 500 ملیۆن دیناری تەرخانکرد وەک بودجەی تەنگەتاوی بۆ چاککردنی ئەو شوێنانە، ئەمەش بەپێی قسەی ەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر.
بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسی رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی بەتاوی باران شارەکانی هەرێم دەگرێتەوە.