لە راپەڕین بەخاک سپێردرا

تەرمی عومرەکارێکی کورد لە سعودیە گەڕێندرایەوە کوردستان

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تەرمی ئەو عومرەکارەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە کاتی گەڕانەوەیدا گیانی لەدەستدابوو، گەڕێندرایەوە کوردستان و لە دەڤەری راپەڕین بەخاک سپێردرا.

کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، عومرەکارەکە ناوی (عەزیز مستەفا رەسوول)ـە و تەمەنی 58 ساڵە و خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین بووە.

ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هاوڵاتییە دوای ئەنجامدانی سوننەتی عومرە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە کاتی گەڕانەوەیدا لە نزیک دەروازەی سنووریی “عەرعەر” باری تەندروستی تێکدەچێت و کۆچی دوایی دەکات.

روتەبێژی حەج و عومرە روونیکردەوە، لەسەر داواکاریی خانەوادەکەی و دوای هەوڵێکی چڕی چەند رۆژە و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق و بەرپرسانی دەروازەی عەرعەر، توانرا ئەمڕۆ تەرمەکەی بگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان و بەخاک بسپێردرێت.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئەمە چوارەمین عومرەکاری هەرێمی کوردستانە کە لەمساڵدا لە سعودیە کۆچی دوایی دەکات.