وەزیری تەندروستی عێراق وادەڵێت

بەغدا بە بەهای 216 ملیار دینار دەرمانی بۆ هەرێم ناردووە

964+

پێشەوا محەمەد

وەزیری تەندروستی عێراق ئاشکرای دەکات، ئەمساڵ بە بەهای 216 ملیار دینار دەرمانیان بۆ هەرێم ناردووە و دەشڵێت، ئەو پارەیە لەسەر بوودجەی هەرێم خەرج کراوە.

ساڵح ئەلحەسناوی، وەزیری تەندروستی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، سەرەڕای ئەو بودجە تایبەتەی هەرێم بۆ دەرمان خەرجیکردووە، وەزارەتەکەی لە چارەسەرکردنی نەخۆش و رەوانەکردنی دەرمانی زیادە هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە.

ناوبراو بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، حکومەتی عێراق و وەزارەتی تەندروستی لەسەر دوو پێوەر دەرمان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکەن، ئەوانیش ژمارەی دانیشتوان و پێویستیی پارێزگاکانە بە دەرمان.

“راپۆرتەکان سەبارەت بە پێویستییەکان دەگەنە وەزارەت و لەسەر ئەوە دەرمان دابین دەکرێت و بەسەر دامەزراوەکانی تەندروستیدا دابەش دەکرێت”، ئەوەش قسەی ساڵح ئەلحەسناوییە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو، سەرجەم پێویستیەکانی دەرمان لە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە لایەن کۆمپانیای گشتی دەرمانی عێراقەوە دابین دەکرێت.

هەر لەسەر ئەو پرسە پێشتر محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وتبووی، تواناکانی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان تەنیا %10 پێکدەهێنێت و ساڵانە سێ ملیار دۆلار بە کڕینی دەرمان دەدات، بەمجۆرە بێت عێراق ساڵانە بە رێژەی %90 پشت بە هاوردەکردنی دەرمان دەبەستێت.

لەمەودوا لە مۆبایلەکەتەوە نرخ و کوالیتی دەرمان دەزانی...

لەمەودوا لە مۆبایلەکەتەوە نرخ و کوالیتی دەرمان دەزانیت