دیمەنێک لە گەنم و نانی بەرهەمهاتووی دروێنە "حساد" _ وێنە: 964
لە پشدەر چاندوویانە
گەنمە سوورەکەی دروێنە نانێکی سپی لێ بەرهەم هات
ئەحمەد مستەفا
گەنمی دروێنە یان “حساد” کە ئەمساڵ لە وەرزی داچاندن لە دەڤەری پشدەر بە تاقیکردنەوەی 200 کیلۆ چێندرا، سەرەڕای رەنگە سوورەکەی، نانێکی سپی لێ بەرهەم هاتووە.
گەنمەکە مامۆستایەکی کۆلێژی کشتوکاڵ لە زانکۆی سلێمانی، لە ئەنجامی شیکاری پەرەی پێداوە، کە پێشتریش ژمارەیەک تۆوی دیکەی بۆ جوتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق پەرەپێدابوو.
پەرەپێدانی تۆوی گەنمی دروێنە “حساد” وەک یەکێک لە گەنمە نانییەکان بووە، ئەمڕۆ شەممە 11.11.2023، دکتۆر عیماد مەعروف، مامۆستا لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی بە 964ی وت، ئەو تاقیکردنەوە لەلایەن جوتیاری نموونەیی “عەلی قادر”ەوە بووە لە دەڤەری پشدەر.
“بەرزترین رێژەی توانای بەرهەمهێنانی 2.350 تۆن/دۆنم لە رووبەری 100 دۆنم زەوییە، لە وەرزی گەشەکردنی کشتوکاڵی 2023ی ئەمساڵ لە گوندی هەڵاوێژەی دەڤەری پشدەر بەرهەمی هێناوە”، عیماد مەعروف وای وت.
گەنمەکە لە وەرزی گەشەکردنی باڵای زیاتر لە یەک مەتر بەرزبووە، گوڵێکی مەیلەو زەرد و قەدێکی سەوزی هەبووە، ئەو جوتیارەی کاری بەرهەمهێنانەکەی کردووە، تۆوەکەی لە عیماد مەعروف وەرگرتووە، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەڵێت، “یەکەم ساڵمان بووە، ئەم تۆوەمان لە سلێمانییەوە هێناوە، کە 200 کیلۆ بووە”.
بە پێی ژمارەیەک وێنەی، دکتۆر عیماد مەعروف بێت، لە پاش دروێنەی گەنمەکە و ناردنی بۆ ئاش بە مەبەستی کردنی بە ئارد، نانێکی سپی لەو گەنمە سوورە بەرهەمهاتووە.